دواكەوتنی مامەڵە لە پاسپۆرتی ھەڵەبجە ھاووڵاتیان نیگەران دەكات

فشاری زۆر كەوتووەتە سەر فەرمانبەرانی پاسپۆرتی ھەڵەبجە
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

بەھۆی قەرەباڵغی و زۆری ژمارەی ھاووڵاتیان بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت، فشارێكی زۆر لەسەر بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی ھەڵەبجە دروستبووە، بەڕێوەبەری پاسپۆرتیش ھۆکارەکەی بۆ نەبوونی کارمەندی پێویست و باڵەخانەیەكی گونجاو دەگێڕێتەوە.

بەکردنەوەی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی ھەڵەبجە، گرفتی ھاوڵاتیان بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت چارەسەرنەبوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووان سنووری سەردانی ئەو بەڕێوبەرایەتیە دەکەن بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت و نوێکردنەوەی، ھاووڵاتیانیش نیگەرانن لە راییکردنی مامەڵەکانیان، داواکارن سیستمێکی گونجاو دابنرێت تا بەزوویی کارەکانیان رایی بکرێت.

سالار سەردار، بەڕێوبەری پاسپۆرتی ھەڵەبجە ھۆکاری گرفتی سستی بەڕێوەبردنی کارەکانیانی بۆ نەبوونی کارمەندی پێویست و باڵەخانەیەكی گونجاو بە بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرت  گەراندەوەو داواکارە بەزووترین کات ئەو گرفتانەیان بۆچارەبکریت، تا بتوانن بە باشترین شێوە مامەڵەی ھاووڵاتیان رایی بكەن.

نزیکەی چوار مانگە بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرت لە پارێزگای ھەڵەبجە کراوەتەوە، وەک یەکێک لە بەڕێوبەرایەتیە گرنگەکان، بەڵام تائێستا رۆژانە بەڕێوەبەر و فەرمانبەران لە سلێمانیەوە بۆ دەوام و راییكردنی مامەڵەی ھاووڵاتیان دەچنە ھەڵەبجە.

ھ.م