هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌: پرسی كورد له‌ توركیا چاره‌سه‌ر نه‌كرێت كێشه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن

سیاسەتی ھەردوو لایەن لە دیمەنەكانی ترابزۆنەوە دیار بوو

K24 – هه‌ولێر:

هاوسەرۆکی هەدەپە، سەزای تەمەلی رایگەیاند، ئەگەر تورکیا پرسی کورد چارەسەر نەکات، ئەوا رووبەڕووی کێشەی گەورەتر دەبێتەوە.

سەزای تەمەلی، هاوسەرۆکی هەدەپە روونی کردەوە، ستراتیژییەتی ھەدەپە رێگەی سێیەمە، نە ھاوپەیمانێتیی میللەتی ئاكپارتی و مەھەپە، نە ھاوپەیمانێتیی جمھوری جەھەپە و ئیی پارتی، ھیچ چارەسەرێكی پرسی كوردیان پێ نییە.

هه‌روه‌ها گوتی: سیاسەتی ھەردوو لایەن لە دیمەنەكانی ترابزۆنەوە دیار بوو، كە لە سەر بنەمای دوژمنایەتیی گەلی كورد بەڕێوە دەچێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئه‌وان خەڵكی ھەرێمی كوردستان، كە خاوەن فیدراڵیەتی خۆیانن، وەك گەشتیاریش قبووڵ ناكەن. دیمەنەكە راستیی حكوومەتی توركیا پیشان دەدات، كە نایەوێت پرسی كورد چارەسەر بكات.

تەمەللی رەخنەشی لە ئاكپارتی گرتووه‌ و گوتی:  ئێوە لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان دیدار دەكەن و لە كۆبوونەوەكاندا ئاڵای كوردستان قبووڵ دەكەن، بۆچی خەڵك ھان دەدەن ھێرش بكاتە سەر ئاڵای كورد و كوردستان.