ژنێك لە سلێمانی 30 ساڵە کەلوپەلی فڕێدراو کۆدەکاتەوە

لەگەڵ كوڕەكەی لە پیرەمەگرونەوە چەندین كیلۆمەتر بەپێ دەبڕن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئافرەتێكی دانیشتووی شارۆچکەی پیرەمەگرونی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بێ ئەوەی بزانێ تەمەنی چەندە، زیاد لە30  ساڵە لەگەڵ کوڕەکەی چەندین کیلۆمەتر رێگا دەبڕێت بۆ کۆکردنەوەی کەرەستە فرێدراوەکان، تا بتوانێ بژێوی خیزانەکەیانی پی دابین بکات.

کوڕ و دایک، دوو ھاوکاری یەک، لە بەجێھێنانی کارێکی قورسی ژیان. دایە فاتیمە، چەندان کیلۆمەتر لە شار دوور دەکەوێتەوە، دەیەوێ بەکۆکردنەوەی پاشماوە پلاستکیەکان، بژێوی خێزانەکەیان دابین بکا. 10 بۆ 12 کاتژمێری پێویستە بۆ کار، بەڵام چ کارێک کە ھەمیشە تەندروستیت لەژێر مەترسیدابێت.

فاتیمە رەسوڵ، بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەھۆی پیسی و قورسی كارەكە ھەمووكات سەردانی نەخۆشخانە دەكەین".

محەمەد عەلی، كوڕی دایە فاتیمە و بێ دایکی ناتوانێ کارەکان بە ئەنجام بگەیەنێت، چونکە چوار بۆ پێنج کیلۆ پلاستیک ئەوکات 500 دیناری عێراقیان بۆ دەکات. ئەو دەڵێ: "دایكم پارچە پلاستیكەكان لە زبڵ و خاشاك جیا دەكاتەوە و منیش بە ماتۆڕ دەیبەم، بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم كارەیە".

ئەم کوڕ و دایکە دووچاری گرفت بوونەتەوە، لەلایەک پاشماوە پلاستیکییەکان کە کۆیان کردووەتەوە زۆرجار ساغ ناکرێنەوە، لەلایەکی دیكەوە ماتۆڕسكیلە 300ھەزارییەکەیان بای ئەوەندەی تێدا نەماوە کاری قورسی پێبکەن.

ھ.م