فەریکەگوێزی ھەورامان خواستی زۆری لەسەرە

لەناوچەی ھەورامان پێی دەوترێت کاردە وەژە
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

وەرزی پێگەیشتنی فەریکەگوێز لە ھەورامان دەستی پێکردوەو گەشتیاران لەم وەرزەدا خواستێکی زۆریان لەسەر فەریکەگوێز ھەیە، ھەندێك لەخانمانیش جگە بۆ خواردن توێکڵی گوێزی فەریکە بۆ نێوخەنە و رەنگ کردنی لێوەکانیان بەکاری دەھێنن.

لەم وەرزەدا خاوەن باخەکان فەریکەگوێز لێدەکەنەوە و ھەندێکیان دەیبەنە بازاڕ بۆ فرۆشتن و ھەندێکی دیکەشیان بۆ خۆیان بەشێوەی "کاردە وەژە" دەیخۆن، گوێزی فەریکە لەناوچەی ھەورامان پێی دەوترێت کاردە وەژە، واتە دەرھێنان لە رێگەی چەقۆوە.

ئێستا زۆرێک لە دوکانەکانی کە لەسەر رێگای سەیرانگاکانی ھەورامان کراونەتەوە، فەریکەگوێز دەبینرێت و رۆژانە خاوەن باخەکان کۆی دەکەنەوە و دەیھێنن بۆ دوکاندارەکان، فرۆشیارێكیش دەڵی، ئەوانەی ئەم جۆرەگوێزە دەکڕن، جگە لەخواردن توێکڵەکەشی بۆ زۆر مەبەستی دیکە سوودی لێ وەردەگرن، بەتایبەتی بۆ رەنگ کردنی قژی ئافرەتان و دەستیان لە بری خەنە.

وەرزی پێگەیشتنی فەریکەگوێز لە مانگی تەمووزەوە دەست پێدەكات و دوو مانگ دەخایەنێت، دواتر گوێز بە تەواوی كامڵ دەبێت و دەست دەكرێت بە تەكاندنیان. گوێزی فەریکە لەلایەن ئەوگەشتیارانەی روو لەناوچە گەشتیاریەکانی ھەورامان دەکەن خواستێکی زۆری لەسەرە و فرۆشێکی باشی ھەیە لەم وەرزەدا.

ھ.م