ئاوی زێی دوكان وشك دەكرێت

چوار رۆژە تیمەكانی مەلەوانی لە زێی دوكان لە تەرمی منداڵێك دەگەڕێن

K24 - رانیە

بڕیارە ئەمڕۆ ئاوی زێی دوكان بە تەواوی بگیرێتەوە، بۆ ئەوەی تەرمی ئەو منداڵە بدۆزرێتەوە كە ماوەی چوار رۆژە كەوتووەتە ناو ئاوی زێی دوكان.

ئاراس ئەمین، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند: "ماوەی چوار رۆژە منداڵێکی تەمەن 12 ساڵەی خەڵکی کەرکووک لە زێی دوکاندا خنکاوە و تا ئێستا نەتوانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەش بڕیارە ئەمڕۆ ئاوی زێی دوکان وشک بکرێت و بەنداوەکە بە تەواوی بگیرێتەوە تاکو بتوانرێ تەرمی منداڵەکە بدۆزێتەوە".

قایمقامیەتی قەزای دوکان لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای دەکات "سەرباری هەوڵی تەواوی تیمەکانی مەلەوانی، بەڵام تاکو ئێستا نەتوانراوە تەرمی ئەو منداڵە تەمەن 12 ساڵیە بدۆزرێتەوە کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە کەوتە زێی دوکان".

ئاماژە بەوەشكراوە، لەگەڵ بەنداوی دوکان و وێستگەی کارۆ ئاوی و تیمەکانی پۆلیس هەماهەنگیان کردووە و ئەمڕۆ دووشەمە ئاوی زێی دوکان وشک دەکرێ و ئەو ئاوەی لە بەنداوەکە بەر دەدرێتەوە دەکرێتە سفر مەتر سێجا لەهەر چرکەیەک. بۆ ئەوەی بتوانرێت تەرمی ئەو منداڵە بدۆزنەوە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە 24/7/2019 منداڵێکی تەمەن 10 ساڵەی کچ کە خەڵکی هەولێر بوو، لەگەڵ منداڵێکی 12 ساڵەی کوڕ کە خەڵکی کەرکووک بوو لە ئاوی دوکان خنکان، بەیانی رۆژی هەینی تەرمی کچەکە دۆزرایەوە، بەڵام تائێستا تەرمی کوڕەکە نەدۆزراوەتەوە.