په‌رله‌مانی عێراق هه‌وڵی زیادكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مرۆ سێشه‌ممه 30/7/2019، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: "پێشنیازی هه‌موار و زیادكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی گه‌یشتووه‌ته ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشنیازه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدرێت، مووچه‌ی خانه‌نشینی كه‌مترینیان له 400 هه‌زار دیناری عێراقییه‌وه ده‌بێته 600 هه‌زار دینار.
وه‌جیه عه‌باس، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق له‌وباره‌یه‌وه گوتوویه‌تی: "پێشنیازمان كردووه یاسای ژماره 9ـی ساڵی 2014 هه‌موار بكرێته‌وه، 21 جار هه‌موار كراوه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشینی ببێت به 600 هه‌زار دینار نه‌ك 400 هه‌زار بێت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "یاساكه به‌ته‌واوه‌تی له‌ناو لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه دوای هه‌موار كردنه‌كان، 8 هه‌مواریان له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د ساعدی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی نیشتمانیی خانه‌نشینی پێشكه‌شی كراوه‌و له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌كاندا ئه‌وانه‌ش جێكراوه‌نه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها ریگه‌یاندووه: "هه‌مواركردنه‌كان پێشكه‌شی ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كراوه، چونكه په‌یوه‌ندیی به لایه‌نی دارایی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی حكوومه‌ت بكرێت و دواتر بیگێڕنه‌وه بۆ په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می بۆ بكرێت و ده‌نگی له‌سر بدرێت".
وه‌جیه عه‌باس ده‌ڵێت: "پاش ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت و یاساكه له رۆژنامه‌ی وه‌قائیع بڵاوده‌كرێته‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت. به‌ڵام تا ئێستا پێشنیازه و چاوه‌ڕوانی حكوومه‌تی عێراقین تا بیگێڕێته‌وه بۆ ناو هۆڵی په‌رله‌مان".