هۆڵەندا پشتیوانیی لە کابینەی نوێ دهكات
K24 - ههولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە 30 /7/2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عیراق، بە سەرۆکایەتیی باڵیۆز ماتيس وۆڵتەرز كرد و گفتوگۆیان لهبارهی چهند پرسێكی جێی بایهخی ههر دوو لا كرد.
له دیدارهكهدا باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیران بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ. ئاماژەی بەوە کرد کە "حکوومەتی هۆڵەندا پشتیوانیی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکات و وەک بەشێک لە هێزی هاوپەیمانان لە هاوکاریی و راهێنانی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت".
هەروەها ئامادەیی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا.
لای خۆیهوه سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی هۆڵەندای کرد بۆ پشتگیرییان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە "چاوەڕوانیی ئەوەمان لە دۆستەکانمان هەیە، کە پشتیوانیی حکوومەت بن بۆ ئەنجامدانی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت، بەتایبەتی لە گەشەپێدانی ئابووری و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بۆ ئهوهی تەنیا پشت بە تاکە سەرچاوەیەک نەبەستێت".