پێداچوونه‌وه‌ به‌ ماف و ئیمتیازاتی هێزه‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت

"ئەوەی پێویستە بۆ خزمەتكردنی ھێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە بكرێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە چەند لیژنەیەکیان پێک هێناوە، بۆ ئەوەی لە هەموارکردنەوەی یاساکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆدا بەشدار بن. وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش لە وەڵامی کوردستان24دا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەوەی لە بەرژەوەندیی پرۆسەی چاکسازیدا بێت، ئەنجامی دەدەن.

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەش جەختی کردەوە، چەند لیژنەیەک تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکان لە ناو وەزارەت پێک هاتوون و وڵاتانیش پاڵپشتیی بەهێز له‌ چاكسازییه‌كان ده‌كه‌ن.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "لە پەرلەمانی كوردستان یاساكان دادەڕێژرێن، بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتە تایبەتمەندەكان، بێگومان رای ئەنجومەنی وەزیران وەردەگیرێت، ئەوكاتیش پرس بە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە دەكرێت، ئێمەش پێشنیاز و سەرنجەكانمان دەخەینە خزمەت پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی ھاوكار بن، تا ئەوەی پێویستە بۆ خزمەتكردنی ھێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە، بكرێت".

ھەر پەیوەست بەم پرسە، لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێ: "ئێستا سەرقاڵیی پێداچوونەوەین بە یاساكانی وەزارەتی پێشمەرگە و رێكیان دەخەینەوە، دواتر دەیاندەین بە پەرلەمان و دوای وردەكاریی و سەرنج، پەسند دەكرێت".

ھاوكات پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵیی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکە بۆ دیارکردنی ماف و ئیمتیازاتی هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، تا هەمووان یەکسان بن، ئەمەش وەک بەشێک لەو چاکسازییانەی کە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتییە ستراتیژی کاری خۆی بۆ ماوەی داهاتوو.

پرسی ریفۆرم و ئەنجامدانی چاکسازیی لە گشت سێکتەرەکاندا، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیوایەکە، کە ماوەیەکی درێژە لە چاوەڕوانیی دان.

کلاریس پاستۆری، نوێنەری یەکێتیی ئەوڕوپا لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 گوتی: "بێگومان یەکێتیی ئەوڕوپا پاڵپشتیی لە هەموو جۆرە چاکسازییەک دەکات، ئێمە زۆر بە توندی پاڵپشتیی لە حکوومەت دەکەین، تا بەرنامەی چوارساڵی خۆی جێبەجێ بکات. وەک یەکێتیی ئەوڕوپا ئێمە هاوبەشین لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و رێکخستنەوەی کارگێڕیی و چاکسازیی ئابووری، چاکسازیی لە هێزی پۆلیسی کوردستان، هاوکات وڵاتانی یەکێتیی ئەوڕوپاش بەشدارن لە پڕۆگرامی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە".

لە کارنامەی کابینەی نوێدا بە روونی باس لە چاکسازییەکان له‌ نێو تەواوی پێگە و سێکتەرەکانی حکوومەتدا کراوە، پێکهێنانی چەند لیژنەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەش، بە هەنگاوە سەرەتا و گرنگەکانی کابینەی نوێ دادەندرێن و هیوایەکیش بۆ داهاتوو دروست دەکەن.

ھ.م