جوتیارێكی كوردستان 24 جۆری تەماتە بەرھەم دەھێنێت

"ھیوادارین وەزارەتی كشتوكاڵ پشتگیریمان بكات"
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

جوتیارێك لە ناحیەی سەنگاو، بەھۆی ئەزموونی لەبواری كشتوكاڵكردندا توانییویەتی دەیان جۆری تەماتە بەرھەم بێنێت و بیانخاتە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان. ئەم جوتیارە دەڵێ، خاكی كوردستان بەپیتە و كەشوھەوا لەبارە بۆ كشتوكاڵكردن، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەك پێویست گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆی نەدراوە، بۆیە پێیویستە گرنگی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ بدرێت.

جوتیارێك لە گوندی کرپچنەی سنووری ناحیەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، لە توێژینەوە لەسەر 46 جۆری تەماتە توانیویەتی 24 جۆری تەماتەی بە رەنگ و قەبارەی جیاوازەوە بەرھەم بھێنێت و بیخاتە بازاڕەکانی کوردستانەوە.

جەمال کربچنەیی، یەكێكە لە جوتیارە نمونەیەكانی كوردستان، لەبارەی بەرھەمھێنانی جۆرەكانی تەماتە دەڵێ: "ئەمساڵ توێژینەوەمان لەسەر 46 جۆری تەماتە كردووە، یەكێك لە جۆرەكانی تەماتەی رەشە، كە بە نرخترین تەماتەیە لە جیھان. راستە ئیشوكارمان جوتیاریە، بەڵام خولیامان توێژینەوە دەمانەوێت ھاوردە كەم بكەینەوە، ئەم جۆرە تەماتانە دەھێنرێنە مۆڵەكان بە پارەیەكی زۆر دەفرۆشرێن، ئێستا خۆمان دەیخەینە مۆڵەكانەوە".

گوتیشی: "ئومێد دەكەین وەزارەتی كشتوكاڵ پشتگیریمان بكات، بۆ ئەوەی ئێمە و ھەموو جوتیارانی كوردستان بەرھەمی زیاتر بخەینە بازاڕەوە".

ئەو جوتیارە باس لەوە دەكات، بەرھەمەكانی ئەوان كەمیان خراونەتە بازاڕەوە، كە ئێستا سەرقاڵی ئەوەن توێژینەوەی لەسەر دەكەن.

ھەرچەندە ئەو جوتیارە ھیچ بڕوانامەیەکی زانستی لەبواری کشتوکاڵدا نییە، بەڵام ئەزموونی چەند ساڵەی لە کشتوکاڵ کردندا لەگەڵ ئەو حەز و خولیایەی کە بۆ توێژینەوەو داھێنان لە بواری کشتوکاڵ ھەیەتی ھۆکارێکن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بە دەست بھێنێت، لەماوەی رابردووشدا 30 جۆری بەرھەمی کشتوکاڵی کە پێشتر لە کوردستان بەرھەم نەھێنراون ئەم بەرھەمی ھێناون و خستونیەتە بازاڕەکانی کوردستانەوە.

ھ.م