بارزانیێكی گه‌ڕاوه‌ له‌ دۆزه‌خی ئه‌نفال چیرۆكی تراژیدیای رۆژه‌ ره‌شه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌

36 ساڵ پێش ئێستا رژێمی به‌عس هه‌زاران بارزانی ئه‌نفال كرد

K24 - هه‌ولێر:

رزگاربوویه‌كی بارزانی له‌ شاڵاوی ئەنفالی 1983 لە كۆمەڵگەی قوشتەپە، باسی ئەو كاتانە دەكات كە سەربازانی رژێمی عێراق  بە ھەزاران بارزانییان لە ئۆردوگای قوشتەپە رەشبگیر و  ئەنفال كرد.

 ئەم رزگاربووە، یەك بە یەكی دیمەنەكان و شوێنەكانی لە بیر ماوە و تیمی كوردستان 24 دەباتە شوێنی رووداوەكە و باسی ئەو كەسانە دەكات، كە چۆن گیران و باسی راكردنەكەی خۆشی دەكات، كە چون رزگاری  بووە و كێ ھاوكاریی كردووە.

ئه‌و رزگاربووی شاڵاوێكه‌، كه‌ لێشاوی مه‌رگێكی بێبه‌زه‌ییانه‌ بوو، دوای 36 ساڵ هێشتا دیمه‌نه‌ تراژیدییه‌كان و سات به‌ ساتی رووداوه‌كانی، وه‌ك فیلێمكی تۆماركراو له‌ پێش چاوه‌.

عەلی سەعید ساڵح لە رۆژی 31/7/1983 تەمەنی 32 ساڵ بوو، ئه‌و كات شۆفیری پاس بووە، وەك خۆی باسی دەكات، ساتی بەكۆمەڵ دەستگیركردنی بارزانییه‌كان بوو، ئەو رۆژە هێرش و په‌لاماری سوپای عێراق له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گه‌مارۆی كۆمەڵگەی قوشته‌په‌ و چەند كۆمەڵگەیەكی دیكەی زۆرەملێی دا و كه‌وتنه‌ ره‌شبگیریی گەنج و پیاوانی بارزانییەكان. ‌

رەشبگیریی خەڵكی بێتاوانی كۆمەڵگە زۆرەملێكانی قوشتەپە، به‌حره‌كه‌، هەریر و دیانا یه‌كه‌م قۆناخی شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەكان بوو. عەلی دوای ئەوەی لە گەڵ 1000 كەسی دیكە له ‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن، ھیچ رێگایەكیان بۆ دەربازبوون نامێنێ و راپێچی ناو پاسێكیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام شۆفیری پاسه‌كه‌ هه‌ر چۆنێك بێ ده‌رگایان بۆ ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رابكه‌ن و له‌ چنگی پیاوانی بەعس رزگاریان بێت.

بست بە بستی ئەم شوێنە بۆ مام عەلی بیرەوەریی تاڵە و هه‌رگیزی لە یادی ناكا. ئەو دەڵێت: "راستە رزگارم بووه‌، بەڵام دیمەنی به ‌زۆر راپێچكردنی گەنج و بەتەمەنەكانی بارزانییەكانم لەم شوێنە به‌ره‌و ئه‌نفال و مه‌رگ، هه‌رگیز له‌ بیر ناچێتەوە".

به‌ تاوانی كوردبوون و به‌ ئامانجی كۆتاییهێنان به‌ شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، رژێمی عێراق له‌ 31/7/1983 ده‌ستی به‌ ره‌شبگیریی بارزانییه‌كان كرد،‌ له‌و پرۆسه‌ به‌دانه‌وه‌دا هه‌شت هه‌زار بارزانی دەستگیر كران و له‌ بیابانه‌كانی باشووری عێراق زینده‌به‌چاڵكران، ئەمەش یەكەمین و دوایین تاوانی كۆمەڵكوژی و ئەنفال و جینۆساید نییە، كە لە مێژووی دوور و نزیك بەسەر گەلی كوردستاندا ھاتووە.