ئایندەی نادیاری ئیتالیا

Kurd24

کێشەی ئابووری و سیاسی وڵاتی ئیتالیا تا دێت سەختتر دەبێت، هۆکاری  ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ بەرێوەبردنی وڵاتەکە لەلایەن ئەو دوو پارتە سیاسیەی کە هەمیشە ناکۆکن لەسەر کێشەکان، ئەو دوو پارتەش پارتی هەڤاڵبەند و بزووتنەوەی پێنج ئەستێرەیە. پارتی هەڤاڵبەند کە پێشتر بە پارتی هەڤاڵبەندی باکوور ناسرابوو  کە هەمیشە  هەوڵی بۆ بە سەربەخۆبوونی باکوری ئیتالیا دەدا، کەچی لە دوای هەڵبژاردنی مانگی ئاداری 2018 و پاش وەدەستهێنانی دەنگێکی زۆر و گەیشتنی بە دەسەڵات وشەی باکووری لە پارتەکەی سڕییەوە، ئامانجە سەرەکیەکەی گۆڕا بۆ دژایەتیکردنی هاتنی کۆچبەر و پەنابەران بۆ ئیتالیا.

 ئەمەش وایکرد هەستی رەگەزپەرستی لە نێو هاووڵاتیانی ئیتالی بەرزبکاتەوە و رێژەی لایەنگرانی پەرەبسێنێ و لە 4٪ بگاتە 17٪ ئێستاش ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر بێت و پەرلەمانی ئیتالیا بڕیار بدات لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەوە بۆی هەیە پارتی هەڤاڵبەند رێژەکەی بگاتە 35٪ لە پەرمان، بەمەش دەتوانێت بە تەنیا حکومڕانی ئیتالیا بکات.

 حاڵی حازر ئەو پارتە لەگەڵ بزووتنەوەی پێنج ئەستێرە بە یەکەوە وڵاتەکە بەرێوەده‌به‌ن کە لەسەر زۆربەی خاڵەکان بۆچوونیان جیاوازه‌، ئەمەش وایکردووە هیچ کات کۆک نەبن، چونکە لە واقیعدا دوو پارتی جیاوازن و کاتی خۆی دوای هەڵبژاردن سەرۆک کۆماری ئیتالیا رێگای بەوەدا کە ئەو دوو پارتە کە رێژەی وەدەستهێنانی دەنگەکانیان لەیەک نزیک بوون بە یەکەوە ووڵات بەرێوە ببەن، بەڵام وا دیارە بیرۆکەکەی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو نەبوو، هەرچەندە ئەو کات هەردوو پارتەکە رێککەوتننامەیەکیان واژوو کرد بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەکی گۆنجاو بۆ رزگارکردنی ئیتالیا لەو کێشانەی کە دووچاری بۆتەوە.

ئیتالیا پێش چەند ساڵێک یەکێک بوو لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهان پۆستی پێنجەمی هەبوو لە ریزبەندی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، کەچی ئێستا زۆربەی خاوەن کەرتە تایبەتەکان خەریکی بردنە دەرەوەی  کۆمپانیا و پیشەسازەکانن، بە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی باج لە سەر کۆمپانیاکانیان، ئەمەش وایکردووە رێژەی بێکاری لەو وڵاتە بگاتە 36٪ بەتایبەتی لە نێو چینی گەنجەکان و بەردەومیش روو لە زیادبوون بکات.

هەر لەمبارەیەوە زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسی ئیتالی ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ کامیان لەوانەی ئێستا دەستبەکارن لە بەرێوەبردنی وڵاتەکە خاوەن ئەزموونێکی سیاسی نین، نە لە بواری سیاسەتی ناوخۆ و نە لە بواری سیاسەتی دەرەوە. لە لایەکی دیکەوەش یەکێتی ئەوروپا هەمیشە خەریکی رەخنە گرتنە لە ئیتالیا چ لە رووی ئابورییەوە چ لە رووی سیاسیەوە، بە بۆچوونی ئەوان ئیتالیا ئەو سەنگەی کە هەیبوو پێشتر ئێستا لە دەستیداوە، بۆیە یەکێتیەکە ئێستا زیاتر لەلایەن فەرەنسا و ئەڵمانیاوە بەرێوە دەچێت.