ریكلامكردن بۆ به‌شێك له‌ ده‌رمانه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

"به‌شێكی ده‌رمانه‌كان به‌ قاچاخی هاورده‌ ده‌كرێن"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

زۆربەی کات لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ریکلام بۆ ھەندێک کاڵا و بەرھەم دەکرێت، بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکیی و دابەزاندنی کێش و چەند شتێکی دیکە، بەڵام بە گوتەی پسپۆڕانی تەندروستی، بەشێک لەو دەرمان و پێداویستییە پزیشکییانە بە شێوەی قاچاخ ھاوردە کراون و زیانیان لە سوودیان زیاترە.

زۆرێك لە پەیج و ئەكاونت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ریكلام بۆ پێداویستیی پزیشکیی دەکەن، به‌وه‌ی كه‌ وەک چارەسەر ھاووڵاتییان دەتوانن بەکاریان بھێن و لە رێگەی ئۆنڵاینەوە بیکڕن، بەڵام بێئاگا لەوەی، بەشێک لەو کۆمپانیایانە مۆڵەتیان نییە و دەرمانەکانیان کوالێتیان نییە. تایبەت بەم پرسە، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێ ئەو شوێنانەی نایاسایین لەلایەن لیژنەکانی کۆنتڕۆڵی دەرمان و لایەنی پەیوەندیدار، دەست بە سەر کاڵاو بەرھەمەکانیاندا دەگیرێت.

سەرپەرشتیاری سەندیکای دەرمانسازانی سلێمانیش دەڵێت، دەستیان کردووە بە رێگریی لەو دیاردەیە و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان دەبێت حکوومەت بە توندی لێپیچینەوە بکات، چونکە ھەر کۆمپانیا و لایەنێک بەبێ مۆڵەت دەرمان بفرۆشێت، بە تایبەت بە شێوەی ئۆنڵاین، ئەوا دەرمان و کاڵاکەی قاچاخە.

له‌باره‌ی ئەو دەرمانانەی کە بە شێوەی ئۆنڵاین دەفرۆشرێن و مۆڵەتیان نییە، پسپۆڕانی بواری تەندروستیی ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانیان لە سوودەکانیان زۆرترە، چونکە ئەو بەرھەمانە دەرمانی قەدەغەکراو و مەترسیداریان تێدایە، کە زیانیان بۆ نەخۆشییەکانی دڵ ھەیە، ھەندێک کات دەبێتە ھۆی مردنی لە ناکاو، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو چارەسەرە پزیشکییانە بکەن کە لەو رێگەوە دەیانکڕن.

ھ.م