لە مەككە خواردنی كوردەواری بۆ حاجیانی كوردستان ئامادە دەكرێت

حاجیانی كورد ئەمساڵ كێشەی خواردنیان نییە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە شاری مەككەی سعوودیە دوو چێشتلێنەری کورد خواردن بۆ حاجیانی كوردستان ئامادە دەكەن و رایدەگەیەنن، كە لە ھەرێمی كوردستانەوە بە مەبەستی  ئامادەكردنی خواردن بۆ حاجیان چووەنەتە سعوودیە و بەشێوەی تیروپشك ناویان دەرچووە.

شیمال سەعید، یەكێكە لەو چێشتلێنەرانە و دەڵێ" :لە ساڵی 1999وە چێشلێنەرم و ئێستا ھاتووم لە مەككە خزمەتی حاجیان بكەم. ئەو خواردنانەی ئامادەی دەكەین وەك ئەوە وایە حاجیان لە ماڵی خۆیان بۆیان ئامادە بكرێت".

ھەروەھا حاجی عەبدولسەلام چێشتلێنەرێكی دیكەی كوردە و لە شاری سلێمانییەوە ھاوەڵی حاجیانی ئەمساڵە بۆ مەككە تا لەوێ خواردنی كوردەواریان بۆ چێ بكات ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "زیاتر لە 50 ساڵە چێشلێنەرم و ئەمساڵ بەشێوەی تیروپشك ناوم دەرچوو كە وەك چێشتلێنەر لەگەڵ حاجیان بێمە مەككە. ھەم حەج دەكەم و ھەمیش كارەكەی خۆم دەكەم".

بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی  ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بە مەبەستی زیاتر خزمەتکردنی حاجیان تاوەکو بتوانن ئەرکە ئایینییەکانیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن و سەرقاڵ نەبن بە لێنانی خواردن ئەمساڵ لە ھەنگاوێکی تازەدا بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لەسەر راسپاردەی وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی د.پشتیوان سادق دوو چێشتلێنەری کورد ھاوەڵی حاجیانن بۆ ئەوەی رۆژانە خواردن بۆ حاجیان ئامادە بکەن بە جۆرێک ھەر وەکو ئەو خواردنە بێت کە لە کوردستان ئامادە دەکرێت".

ھ.م