گرێبه‌ستی یاریزانان و باج و مه‌رجی شكاندنی گرێبه‌ست له ئیسپانیادا
نووسینی:- عه‌بدوڵڵا خالید
وه‌رگێڕانی به‌ده‌ستكاریه‌وه:- كامه‌ران پاڵانی
مه‌رجی شكاندنی گرێبه‌ستی یاریزانان له خولی ئیسپانیدا چییه؟ چۆن كارده‌كات؟ گۆڕانكارییه‌كانی یاسای باج چی كاریگه‌ریه‌كی خستۆته سه‌ر یاریكردن له لالیگادا؟ ئه‌م پرسیارانه و چه‌ند پرسیارێكی تر لێره‌دا ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه:-
له سه‌ره‌تادا، به‌ڕاستی گۆڕانكاری له یاسای ئه‌ژماركردنی باج له ئیسپانیادا بڕیارێكی گرنگ و كاریگه‌ره له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له لالیگادا. له وڵاتی ئیسپانیا به‌پێی بڕیاری شاهانه‌ی ژماره (1006)ـی ساڵی (1985)، هه‌موو خاوه‌ن مووچه‌یه‌ك مه‌رجێك له گرێبه‌ستی كاركردنه‌كه‌یدا هه‌یه، كه ده‌توانێت له ڕێگه‌یه‌وه گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه... له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاریزانانیش مووچه وه‌رده‌گرن، ئه‌م یاسایه ده‌یان گرێته‌وه، هه‌ربۆیه پێویسته له‌سه‌ر یانه‌كانی ئیسپانیا بڕه پاره‌یه‌ك دیاری بكه‌ن وه‌كو مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی یاریزانه‌كانیان.
له لالیگادا دوو ڕێگه هه‌یه بۆ كاراكردنی مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی یاریزانه‌كان:-
- (Buyout Clause):- له گرێبه‌ستی هه‌موو یاریزانێك له لالیگادا، بڕێك پاره‌ی دیاریكراو هه‌یه، كه یاریزانه‌كه ده‌توانێت به پێدانی ئه‌و بڕه پاره‌یه، مه‌رجه‌كه كارا بكاته‌وه و یانه‌كه‌ی به‌جێ بهێڵێت.. خاڵێ گرنگی ئه‌م جۆره گرێبه‌سته ئه‌وه‌یه كه خودی یاریزانه‌كه خۆی بڕه پاره‌كه ده‌دات، وه‌ك هه‌ردوو گرێبه‌سته‌كه‌ی (نێیمار و گریزمان).
- (Release Clause):- یاریزانه‌كه ده‌توانێت كۆتایی به گرێبه‌سته‌كه‌ی بهێنێت به‌پێی چه‌ند مه‌رجێكی دیاریكراوی نێو گرێبه‌سته‌كه‌ی (سه‌ركه‌وتن بۆ چامپیۆنزلیگ، به‌ده‌ستهێنانی خولی ناوخۆیی وڵات، زیادكردنی مووچه‌ی ساڵانه، دیاریكردنی ماوه‌یه‌كی دیاریكراو،... هتد). ئه‌م جۆره گرێبه‌ستانه له لالیگادا باو نییه.
ڕێگه‌ی ئاسانی گرێبه‌سته‌كان له لالیگادا، بریتییه له ڕازیبوونی یانه‌ی فرۆشیار له‌سه‌ر نرخی گرێبه‌سته‌كه (زۆرجار له بڕی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه كه‌مترێكه) له‌گه‌ڵ زیاده باج (VAT)، به‌دڵنیاییه‌وه دیاریكردنی نرخی كۆتایی گرێبه‌سته‌كه په‌یوه‌سته به ماوه‌ی گرێبه‌ستی یاریزان و بارودۆخی یانه‌كه، ئه‌مه بابه‌تێكی تره، لێره‌دا باسی ناكه‌ین.
له ڕێگه‌ی یه‌كه‌مدا پێده‌چێت یانه‌ی فرۆشیار سووربێت له‌سه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك كه یه‌كسان بێت به بڕه پاره‌ی مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی... له‌م حاڵه‌ته‌دا، یانه‌ی كڕیار بڕه پاره‌كه ده‌دات له‌گه‌ڵ زیاده باج (VAT)، كه بریتییه له (18%)ی كۆی پاره‌كه... به‌ڵام ئه‌م ڕێگه‌یه ئیجرائاتی زۆری ده‌وێت.
ئه‌گه‌ر یانه‌ی فرۆشیار ڕازی نه‌بێت له‌سه‌ر فرۆشتنی یاریزانه‌كه .. یانه‌ی كڕیاریش ناتوانێت بێته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یانه‌ی فرۆشیار، هه‌ربۆیه له‌م حاڵه‌ته‌دا له ڕێگه‌ی یاریزانه‌كه ده‌بێت، ئه‌ویش به كاراكردنه‌وه مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌یه‌تی، ئه‌میش به دوو ڕێگه ده‌بێت، یه‌كه‌م: یانه‌ی فرۆشیار بڕه پاره‌كه بخاته هه‌ژماری بانكی یاریزانه‌كه بۆئه‌وه‌ی بیدات به یانه‌كه‌ی... یان یاریزانه‌كه ڕه‌سیدی بانكییه‌كه‌ی به‌كاربهێنێت (زۆرجار یاریزانه‌كان بڕی پاره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كانیان نییه).
پێشتر ئه‌گه‌ر یانه‌ی فرۆشیاری پاره‌ی مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی بخستایه‌ته سه‌ر هه‌ژماری بانكی یاریزانه‌كه ... ئه‌م كاره ده‌بوو به داهات بۆ یاریزانه‌كه و به‌مه‌ش باجی ده‌رامه‌ت (Income Tax)ی له‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌كرا، كه بریتی بوو له (48%)ی كۆی پاره‌كه .. بۆ نمونه ئه‌گه‌ر پاره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی یاریزانه‌كه (100) ملیۆن یۆرۆ بوایه، ئه‌وا بڕی پاره‌ی پێویست بۆ بۆنده‌كه ده‌بوو به (148) ملیۆن یۆرۆ.
له ساڵی 2016 گۆڕانكاری به‌سه‌ر یاساكه هات.. گواستنه‌وه‌ی پاره بۆ هه‌ژماری بانكی یاریزانه‌كان به داهات ئه‌ژمار ناكرێت.. ئه‌م كاره به سه‌رمایه (رأس المال) دانرا.. هه‌ربۆیه سیستمی باج گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، لێره‌دا دوو زاراوه‌ی گرنگ دێته كایه‌وه، ئه‌وانیش: قازانجی ده‌ستكه‌وتوو (الارباح الراسمالیه - Capital Gains) و زه‌ره‌ری تووشبوو (الخسائر الراسمالیه - Capital Losses).
پاش ئه‌وه‌ی یانه‌ی فرۆشیاری پاره‌كه‌ی ده‌خسته نێو هه‌ژماری بانكی یاریزانه‌كه... ئه‌مه ده‌بێته قازانجی ده‌ستكه‌توو.. به‌ڵام هه‌ر به‌وه‌ی یاریزانه‌كه پاره‌كه دووباره ته‌حویل بكاته‌وه یان خه‌رجی بكات.. یه‌كڕاست ده‌بێت به زه‌ره‌ری تووشبوو، هه‌ربۆیه بڕی باجی سه‌ر گرێبه‌سته‌كه ده‌كاته به سفر. به‌مه‌ش گۆڕانكاری له یاسای باج له به‌رژوه‌ندی یانه گه‌وره‌كانه به‌وه‌ی ته‌كلیفی مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كان له سه‌ریان كه‌م ده‌بێت.. هه‌ربۆیه پێشتر گفتووگانی تایبه‌ت به شكاندنی مه‌رجی گرێبه‌ستی یاریزانه‌كان له لالیگادا زۆر ئاڵۆز و ئه‌سته‌م بوو.
نمونه‌ی (Buyout Clause) بریتییه له گرێبه‌سته‌كانی (ڤیتۆلۆ له سێڤییاوه بۆ ئاتڵێتیكۆ مه‌درید، گریزمان له ئاتڵێتیكۆ مه‌دریده‌وه بۆ بارسێلۆنا، نێیمار له بارسێلۆنا بۆ پاریس سان جێرمان، كیپا له ئاتڵێتیك بلباوه‌وه بۆ چێڵسی،... هتد).