ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ئه‌منی عێراقی له‌ كاره‌كانیان دوورخرانه‌وه‌ و فه‌رمانی ده‌ستبه‌سه‌ركردنیان بۆ ده‌رچوو

ژماره‌یه‌ك "بازرگانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان" له‌ گرتووخانه‌یه‌كی به‌غدا رایانكردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوای 24 كاتژمێر له‌ راكردنی ژمارەیەك تۆمەتباری بازرگانیكردن بە ماددە ھۆشبەرەكان لە بەغدا، بەو ھۆیەوەوە ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی لە كارەكانیان دوورخرانەوە.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، دوای 24 كاتژمێر، لە گرتووخانەی رۆژھەڵاتی بەغدا، لە ئەنجامی بۆشاییەكی ئەمنیدا، 15 دەستگیركراوی تۆمەتبار بە ماددە ھۆشبەرەكان بە كۆمەڵ رایان كردووە .

ھەر بەو ھۆیەشەوە بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بۆ راگرتنی ھەریەك لە فەرماندەی پۆلیسی بەغدا و بەڕێوەبەری پۆلیسی بەغدا - رەسافە و بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی بابلشەیخ دەرچووه‌ و ھەرسێكیشیان لە بارەگای وەزارەتی ناوخۆ دەستبەسەر دەكرێن.

ھەروەھا وەزارەتی ناوخۆ لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكھێناوە بۆ روونكردنەوەی ئەوەی ئایا ئەو تۆمەتبارانە لە كاتی ھەڵاتن چ جۆرە جلوبەرگێكیان پۆشیوە.

جگە لەوەش بڕیاردراوە بە دەستبەسەركردنی ئەفسەری پۆلیسی ئێشكگر لەو بنكەیە و گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان بەرامبەری و گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ دەستگیركردنەوەی ئەو تۆمەتبارانە.

ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەغدا رایگەیاند، پێنج كەس لەو زیندانییە راكردووانە دەستگیر كراونەتەوە.