زبڵ و خاشاكی ھەڵەبجە پاك ناكرێتەوە

كۆمپانیاكان كارەكانیان راگرتووە
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

ئەڤین عەتا، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "چەند رۆژێكە زبڵ و خاشاكی ناو شاری ھەڵەبجە پاك نەكراوەتەوە"، سەرۆكی شارەوانیی ھەڵەبجەش ھۆكارەكە بۆ خەرج نەكردنی پارەی كۆمپانیاكان دەگێڕێتەوە.

كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانیی ھەڵەبجە بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو كۆمپانیایانەی كە زبڵ و خاشاكی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە پاك دەكەنەوە، لە 15/7/2019 گرێبەستەكەیان تەواو بووە، بۆ ئەمەش لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی و وەزارەتی شارەوانی، نووسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستەكانیان درێژ بكرێتەوە، بەڵێنمان پێ دراوە گرێبەستەكان درێژ دەكرێنەوە، بەڵام ئێستا پاڵپشتیی داراییان راگیراوە و پارەی مانگەكانی 5 و 6 و 7یان لە گەنجینەكان پێ نەدراوە، بۆیە كارەكانیان راگرتووە".

گوتیشی: "ئەو كێشەیە تەنھا ناو شاری ھەڵەبجە ناگرێتەوە، بەڵكوو چەمچەماڵ و شارباژێڕ و شارەزووریش دەگرێتەوە".

سەرۆكی شارەوانیی ھەڵەبجە ئاشكراشی كرد: "بۆ چارەسەری كێشەكە، پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانی و دارایی كراوه‌، ئەمڕۆش لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی كۆبوونەوەیەك لەو بارەیەوە بەڕێوە دەچێت. ئەم نووسراوەی دەربارەی ئەو كێشه‌یه‌ بەرز كراوەتەوە، ئەمڕۆ رەوانەی وەزارەتی دارایی دەكرێت، چاوەڕێین پارە بۆ كۆمپانیاكان خەرج بكرێت و ئەوانیش دەست بە كارەكانیان بكەنەوە".

ھ.م

زبڵ و خاشاكی ھەڵەبجە پاك ناكرێتەوە
زبڵ و خاشاكی ھەڵەبجە پاك ناكرێتەوە
زبڵ و خاشاكی ھەڵەبجە پاك ناكرێتەوە
زبڵ و خاشاكی ھەڵەبجە پاك ناكرێتەوە
زبڵ و خاشاكی ھەڵەبجە پاك ناكرێتەوە