ھەفتەی ھاندان بۆ ھاوسەرگیری لە ئێران راگەیەندرا

رێژەی ھاوسەرگیری كەمبووەتەوە و جیابوونەوە زۆر بووە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/65676bce-2dc5-4bed-a772-9089d80b5d33/080519JPZ.ism/manifest

K24 - سنە

بەپێی دوایین ئاماری فەرمی یەك لەسەر سێی ھاوسەرگیرییەكان لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان شكست دەھێنن و بەجیابوونەوە كۆتایی پێدێت، ھاوكات لاوان كەمتر ھاوسەرگیری دەكەن و ئەوەش قەیرانێكی گەورەی لە ئێران دروستكردووە، ھەربۆیە ھەفتەیەك بەناوی ھەفتەی ھاوسەرگیریكردن دیاریكراوە، بۆ ئەوەی لاوان ھان بدەن ھاوسەرگیری بكەن.

گەلاوێژ فەتاحی، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی سنە بە كوردستان24ی راگەیاند: "رێژەی پڕۆسەی ھاوسەرگیری لە ئێران كەمیكردووە، ئەمەش ھۆكاری قەیرانی دارایی و نەبوونی ئیش و نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونە، بەداخەوە ئەم ھۆكارانە وایكردووە گەنجان كەمتر ھاوسەرگیری بكەن".

لەساڵی رابردوودا 550 ھەزار كەس لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان ھاوسەرگیریان كردووە، نزیكەی 180 هه‌زار ژن و مێردیش لەیەك جیابوونەتەوە، واتا یەك لەسەر سێی ھاوسەرگیرییەكان ئەنجامەكەیان جیابوونەوە بووە، ئەوەش بەرپرسانی ئێران وەكو ھۆشدارییەكی جیدی باسی دەكەن.

لە ئێران ھەم بانگەشەی زۆر بۆ ھاوسەرگیریكردن دەكرێ، ھەم قەرزیش بۆ كرێی خانوو و ھاوسەرگیری بە لاوان دەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش گرانی و ژینگە وایكردووە كە تەمەنی ھاوسەرگیری كردن زۆر بچێتە سەرو جیابوونەوەكانیش خەریكە كێبەركێی ھاوسەرگیرییەكان دەكات.

ھ.م