جلوبەرگی مۆدێرن لە بەغدا نمایش دەكرێت

دەیانەوێت بڵێن بەغدا خراپترین پایتەختی جیھان نییە بۆ ژیان
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/7e472d94-29e9-4359-86d2-cb69e15ec1da/080819KPR.ism/manifest

K24 - ھەولێر

کۆمەڵێک گەنجی بەهرەمەندی بواری دیزاینی جلوبەرگ لە پایتەختی عێراق، دەیانەوێت لە رێگەی نمایشی جلوبەرگ و چالاکی دیکەی هاوشێوە بیسەلمێنن چێتر بەغدا خراپترین پایتەخت نییە لەسەر ئاستی جیهان بۆ ژیان.

عەممار عەبدولستار، رێکخەری نمایش دەڵێ: "دەڵێن بەغدا خراپترین پایتەختە بۆ ژیان، ئێمەش دەمانەوێت بڵێین، نا بەغدا جواترین و بووکی شارەکانە، بە گەنج و پیر و شارستانیەتەکەیەوە بەرەو پێش دەچێت، چەندین نمایشی فۆلکلۆری و جلی بوکێنیمان هەبوو".

لەم نمایشەدا، جیا لە جلوبەرگی بوکێنی، جلوبەرگی مۆدێرن و کەلەپووری و تەنانەت پیاوانیش نمایش دەکرێن، كە ئامانج لێی پیشاندانی وێنەیەکی جوانە لەسەر بەغدا و هەروەها پێشاندانی بەرهەمی دەستی گەنجانی بەشداربوو.

ئیناس تەمیمی، دیزاینەر رایگەیاند: "دڵخۆشین بەمجۆرە نمایشانە، کە ئامانج لێیان پیشاندانی وێنەیەکی جوانە لەسەر بەغدا، هەروەها هەلێکیشە بۆ پیشاندانی بەرهەمەکانمان بەشێوەیەکی جوان و لە سۆشیال میدیاش بڵاوببێتەوە".

دوای 2003 بەغدا کەوتە نێو گێژاوی ئەمنییەوە بەردەوام بە خراپترین پایتەخت لەسەر ئاساتی جیهان ناسێنراوە، بۆیە لە رێگەی سازدانی ئەمجۆرە چالاکییانەوە، هەوڵدەدرێت بەغدا بە شێوەیەکی جوانتر لە جاران دەربکەوێت.

ھ.م