"له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو مۆدریچ ماڵئاوایی له‌ ریال مه‌درید ده‌كات"

"زێدان چیتر پێویستی به‌ مۆدریچ نه‌ماوه‌"

لوکا مۆدریچ وەرزی رابردوو بازاری گواستنەوەکانی گەرم کردبوو، یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا تاوەکو دواخولەک هەوڵی گواستنەوەیاندا، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی شاهانەکان توانی ئەم یاریزانە رازی بە مانەوە بکات. ئەم هاوینە بە پێچەوانەوە یانە مەدریدییەکە پێویستیان بەو یاریزانە نەماوە، بۆیە باس لەوە دەکرێت لوکا دەیەوێت یانەکەی جێبێڵیت.

وەرزی رابردوو شاهانەکان بە زۆری توانیان باشترین یاریزانی جیهان لەگەڵ خۆیان بهێڵنەوە و هەموو هەوڵەکانی یانەی ئینتەر میلانیان شکست پێ هێنا و لەو کاتەوە و بە تایبەتی لەم هاوینەدا هیچ دەنگوباسێک لەسەر جیابونەوە ئەم یاریزانە نەبوو، بەڵام لەم رۆژانەدا جارێکی دیکە بابەتە سەری هەڵداوەتەوە.

ئەم هاوینە مێرنگی بە دوای یاریزانێکی ناوەڕاستکاردا دەگەڕێت، بۆیە مۆدریچی 33 ساڵان کە تەمەنیشی زۆر بووە، بیر لەوە دەکاتەوە چیدیکە درێسی ئەم یانەیە نەپۆشێت و یانەیەکی دیکە بدۆزێتەوە، هەرچەندە لەوانەیە بیرۆکەی یانەی ئیتاڵیەکە گۆڕا بێت و بە هاتنی ئانتۆنیۆ کۆنتی ئەوان لە گواستنەوەی ئەم یاریزانە پەشیمان بوو بن.

پۆل پۆگبا و ڤان دێ بیک گرنگترین ئەو یاریزانانەن کە یانە ئیسپانیەکە هەوڵی گواستنەوەیان دەدات، لەلایەکی دیکەوە نوێکردنەوەی گرێبەستی تۆنی کروسی ئەڵمانی، پەیامێکی روونی تێدا بوو بۆ مۆدریچ، پەیامەکەش ئەوەیە کە ئەوان چیدیکە گرنگی بە تواناکانی نادەن و دەتوانێت یانەکەیان جێبێڵێت.

هەرچەندە لەوانەیە هاندەرانی ریال مەدرید لەگەڵ چوونی لوکا مۆدریچ نەبن، بەڵام ئەوان لەم چەند ساڵەی رابردوو هەمیشە بینەری کۆچی یاریزان و ئەستێرە ناودارەکانی یانەکەیان بوونە، هەربۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو ناوەڕاستکارە کڕواتیەکەش هاوشێوەی یاریزانەکانی دیکەی رابردوو یانەکەی جێبێڵێت.