ئۆجه‌لان: كورد پێویستی به ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه
K24- هه‌ولێر:
عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، رابه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" ده‌ڵێت: كورد پێویستی به ده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به خۆیان نییه و جه‌ختیش له‌سه‌ر ئاماده‌یی خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌ی نێوان حزبه‌كه‌ی و ئه‌نقه‌ره ده‌كاته‌وه.
نووسینگه‌ی "چاخی حقوقی" كه به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئۆجه‌لان ده‌كات، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی دیدارێكی ئۆجه‌لان و دوو له پارێزه‌ره‌كانی "نه‌ورۆز ئۆیسال و رێزان سارجا" له تۆڕی تویته‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه، كه دوێنێ چوارشه‌ممه له دورگه‌ی ئیمرالی چاویان به ئۆجه‌لان كه‌وتبوو.
به‌یاننامه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌دات، له دیداری نێوان ئۆجه‌لان و هه‌ردوو پارێزه‌ره‌كه‌یدا، گفتوگۆ له‌باره‌ی شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه و توركیا كراوه و له میانه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ئۆجه‌لان گوتوویه‌تی: "با كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ین. له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی چه‌كداری راده‌گرین. من ئه‌و ئه‌ركه له ئه‌ستۆی خۆم ده‌گرم و باوه‌ڕم به خۆم هه‌یه. من ئاماده‌م بۆ چاره‌سه‌ركردن، به‌ڵام پێویسته ده‌وڵه‌تیش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانییه‌تی ئه‌نجامی بدات"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا.
هه‌روه‌ها ئۆجه‌لان گوتوویه‌تی: من له‌و باوه‌ڕه‌دام كورد له توركیا پێویستی به هیچ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ نییه.
07.08.2019 tarihli İmralı ziyaretimize ilişkin basın açıklamamızdır. pic.twitter.com/dxENzYmoxN
— Asrın Hukuk Bürosu (@asrinhukuku) August 8, 2019
له ساڵی 1999ـه‌وه عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، رابه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان، كه له توركیا حزبێكی قه‌ده‌غه‌كراوه، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاوه به سزادانی زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی له دوورگه‌ی ئیمرالی به‌ند كراوه.
پێشتریش له ساڵی 2012 به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێك بۆ ناكۆكییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی ئه‌نقه‌ره و په‌كه‌كه له توركیا، ده‌ست به پرۆسه‌یه‌كی ئاشتی كرا، به‌ڵام دوای رووداوه‌كانی ته‌ممووزی ساڵی 2015، ئه‌و پرۆسه‌یه هه‌ڵوه‌شایه‌وه و جارێكی دیكه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدار له‌نێوانیان روویدا و تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز + نوفوستی
H.B