ئاڵدار خه‌لیل: ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووه
K24 – هه‌ولێر:
ئاڵدار خه‌لیل، یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكووری سووریا، رایگه‌یاند، هێشتا ورده‌كاری رێككه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا و توركیا گفتوگۆی له باره‌وه ده‌كرێت و یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه.
ئاڵدار خه‌لیل گوتیشی: ئه‌وه‌ی تا ئێستا به‌ده‌ستهاتووه، وه‌ستاندنی ئۆپراسیۆنی توركیا و دواخستنییه‌تی.
هه‌روه‌ها گوتی: به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌یان ئه‌مه‌ریكا و توركیا ژوورێكی هه‌ماهه‌نگی به‌یه‌كه‌وه درووست ده‌كه‌ن.
دووپاتیشیكرده‌وه، به هۆی ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بۆ هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌كانی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا و داگیركردنیان بۆ كاتێكی نادیار دواخراوه.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكووری سووریا باسی له‌وه‌شكرد، پێش ئه‌وه‌ی شاندی ئه‌مه‌ریكا بچێته ئه‌نقه‌ره، سه‌ردانی ئه‌وانی كردووه و له‌گه‌ڵیان كۆبوونه‌ته‌وه و ئه‌و پرسانه تاوتوێ كراون. هێڵه سووره‌كانی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ریش بۆ شانده ئه‌مه‌ریكییه‌كه روون كراونه‌ته‌وه.