رووداوی ته‌قه‌كردن له‌ ماڵی رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی قه‌ڵادزێ ئیدانه‌ ده‌كرێت

ته‌قه‌ له‌ ماڵی په‌یامنێری كوردستانTV, فازڵ عومه‌ر كراوه‌ و میترۆ ئیدانه‌ی ده‌كات

K24 – سلێمانی:

له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ ته‌قه‌ له‌ ماڵی په‌یامنێری كوردستانTV فازڵ عومه‌ر كراوه‌، سه‌نته‌ری میترۆش بۆ داكۆكی له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان له‌ باره‌ی رووداوه‌كه‌وه‌، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌نته‌ری میترۆ

سەنتەری میترۆ سەركۆنەی تەقەكردن لە ماڵی پەیامنێری كوردستان TV لە قەزای قه‌ڵادزی دەكات و داوا لە لایەنی ئەمنی دەكات لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بكات، تەقەكەر دەسگیر بكات و بدرێتە دادگا.

شەوی هەینی رابردوو، لە كاتێكدا فازڵ عومەری پەیامنێری KTV لەگوندی گردە سپیانی سنووری پشدەر سەرقاڵی مەراسیمی پێشوازیكردن بووە میوانەكانی، لەناكاو گوێیان لە دەستڕێژی گوللـە بووە.

لە سەرەتای بیستنی دەستڕێژی گولـلە، فازیل و میوانەكانی وای بۆ چوون كە فڕكان فڕكانی قاچاخچی و پۆلیسی گومرك بوبێت، تا نیشانەكانی بە ئامانجگرتن و بە ئۆتۆمبێلی میوانەكان و دیواری دەرەوەی ماڵەوەیان، دەردەكەوێت.

فازیل بە میترۆی وت: "10 بۆ 12 فیشەك بەر ماڵمان كەوتووە، لایەنی ئەمنیمان ئاگادر كرده‌وە، لێپێچینەوە بكات".

جەختیكردەوە، "تەقەكردنەكه‌ هەرەمەكی بووە هەر ئەندامێكی خێزانەكەمان یا میوانەكان لە دەرەوە بوونایە بەردەكەوتن".

بە پێ قسەكانی پەیامنێرەكەی KTV هەرچەندە لە ناوچەكەیان ناو بەناو بە هۆی كێشەی موڵكایەتی زەوی ‌و ئاو تەقە دەبیسترێت، "بەڵام ئێمە لەو جۆرە كێشانەمان نەبووە و لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە هیچ جۆره‌ كێشەیه‌كمان نەبووە".

هەرچەندە شەوی رووداوەكە پۆلیسی قەڵادزێ چوونەتە شوێنی رووداوەكە و لێكۆڵینەوەی سەره‌تاییان كردووە، بەڵام بە پێی لێدوانی وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بۆ میترۆ "هیچ جۆرە رووداوێكی لەو شێوەیە نەهاتووه‌تە لای پۆلیس".

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: سەركۆنەی تەقەكردن لە ماڵی پەیامنێری كوردستان TV لە قەزای قەڵادزێ دەكات و داوا لە لایەنی ئەمنی  دەكات، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكات، تەقەكەر دەستگیر بكات و بدرێتە دادگا.