مێردمنداڵێكی 14 ساڵی لە بەنداوی دهۆك خنكا

یه‌كێكی دیكه‌ش رزگاركرا

K24 – دهۆك:

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە 12ی 8ی 2019، لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا، هەرزەکارێك بە ناوی (چ. ش) تەمەن 14 ساڵ، له‌ به‌نداوی دهۆك خنكا.

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ دهۆك رایگه‌یاند، ئه‌و مێردمنداڵه‌ لەگەڵ چەند هاورێیەکیدا بۆ مەلەکردن چووبوونه‌ بەنداوی دهۆک.

بەرپرسی راگەیاندنی پولیسی دهۆكیش به‌ کوردستان 24 رایگەیاند، تا تیمەکانی غه‌واس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، هەرزەکارەكە گیانی لە دەستدا، بەڵام توانییان هەرزەکارێکی دیكه‌ له‌ خنكان رزگار بکەن.

لە دوای دەرهێنانی، ته‌رمی مێردمنداڵه‌كه‌ ره‌وانه‌ی پزیشکی دادی دهۆك کرا و لەلایەن پولیسی زاوێتە لێکۆڵینەوە له‌ رووداوەکە دەستیپێکردووە.

به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله‌ گه‌رمایه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، هاووڵاتییان به‌ مه‌به‌ستی مه‌له‌وانی رووده‌كه‌نه‌ نزیك چۆم و به‌ست و به‌نداوه‌كان.

ئ. م