كچە کوردێک خەڵاتی ڤیڤا بەدەستدەهێنێت

ئەو خەڵاتە لە ئەڵمانیا ساڵانە دەدرێتە ھونەرمەندە گەنجە سەرکەوتووەکان
kurdistan24.net

K24 - بەرلین

نەوەی نوێی کوردانی ئەڵمانیا توانیویانە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگای ئەڵمانیدا بگونجێنن و لە ناوەندە ھونەری و ئەکادیمیەکاندا جێبگرن و سەرکەوتن بەدەستبھێنن. یەکێک لەو کەسانە کچێکی کوردی خەڵکی شاری دێرسمی باکووری کوردستانە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، ئەو کچە بەھۆی کارە ھونەرییەکانی توانیویەتی خەڵاتێکی ھونەری لە ئەڵمانیا بەدەستبھێنێت.

کچە کوردێک خەڵاتی (ڤیڤا ئارس- Viva Ars )ی بۆ ساڵی 2020 بەدەستھێناوە، کە ئەو خەڵاتە لە ئەڵمانیا ساڵانە دەدرێتە ھونەرمەندە گەنجە سەرکەوتووەکان.

ئەو ھونەرمەندە ناوی جەمیلە شاھینە و لە رێگەی تێکست و وێنە و چیرۆک کار لەسەر نووسراوە مێژووییەکان دەکات.

شاهین لە بواری ئەدەبیشدا ئەمساڵ کتێبێک بڵاودەکاتەوە بە ناونیشانی تەکسی، ئەو کتێبە باس لە چیرۆکی ژنێک دەکات کە کوڕەکەی لە شەڕدا کوژراوە و دایکەکە نایەوێت مردنی کوڕەکەی قبووڵ بکات.

جەمیلە شاھین، خەڵکی شاری دێرسمی باکووری کوردستانە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، ماستەری لە ھونەرە جوانەکان لە بەرلین و لەندەن بەدەستھێناوە. یەکێکە لەو ھونەرمەند و نووسەرە کوردانەی ئەڵمانیا کە توانیویەتی لە ناو ھونەر و ئەدەبی ئەڵمانیدا رۆڵی خۆی ببینێت.

ھ.م