له خۆرههڵاتی كوردستان گرانی خواستی لهسهر تهندووری قوڕ زیاد كردووه
K24 – ههولێر:
خراپی دۆخی ئابووریی و گرانیی، دانیشتووانی گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان چەند ههنگاوێك بردووهته دواوە و ناچاریان دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەكانیان، بەتایبەت درووستکردنی نان و خواردنی رۆژانە پشت بەچەند هۆكارێكی سەرەتایی ببەستن و لەساڵی 2019دا بگەڕێنەوە بۆ دارسووتاندن و تەندووری قوڕ.
بەگوێرهی ئامارە فەرمیەکان، نرخی نان سەدا 10 تا سەدا 35 گران بووە و ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەت گەنم بە نرخێکی هەرزان لە جووتیاران دەکڕێت و ئاردەکەشی بە گران دەفرۆشێتەوە و کە گرانی ئارد و پارەی کارەبا و سووتەمهنی، نانەواخانەکانیشی ناچار کردووە یان واز لە پێشەکیان بهێنن یان بە گران بیفرۆشن.
شەپۆلی نوێی گرانی تەنیا بە نرخی نان بەرتەسک نابێتەوە. لەم دواییانەدا نرخی کاڵاکانی دیکەش زیادیان کردوە و لەوانە دەکرێ ئاماژە بە گۆشتی سور، مریشک و برنجیش بکرێت.