كوردستان دوورگه‌یه‌كی ئارامه
K24 – واشنتن:
سام براون باك، باڵیۆزی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئازادی ئایین له جیهان دا، له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا، كه لۆری میلڕۆی، په‌یامنێری كوردستان24 له واشنتن له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامی داوه، ستایشی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ پاراستنی پێكهاته‌كان و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی لێقه‌وماوانی شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا. هه‌روه‌ها وه‌سفی هه‌رێمی كوردستان به دوورگه‌یه‌كی ئارام له ناو ده‌ریایه‌كی پڕ له كێشه‌دا ده‌كات.
ده‌قی گفتوگۆكه:
كوردستان24: سڵاوتان لێ بێ، من لۆری میلڕۆی له ئۆفیسی كوردستان24 له واشنتۆن، ئێستا له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاین به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سام براون باك؛ باڵیۆزی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بۆ كاروباری ئازادی ئایین له جیهان دا.
به‌ڕێز باڵیۆز براون باك، زۆر سوپاس بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵمانیت، به‌م دواییه میوانداری دووهه‌مین لوتكه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئازادی ئایینتان كرد له واشنتۆن، پێمان بڵێ ئه‌نجامه‌كانی چۆن بوون؟
سام براون باك: ئه‌نجامه‌كان زۆر ئه‌رێنی بوون، ئێمه شێلگیرانه هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بزاڤێكی جیهانی له‌سه‌ر هه‌ر دوو ئاستی حكومه‌تی و جه‌ماوه‌ری وڵاتان دا، به‌رنامه‌ی لوتكه‌كه وایه كه سه‌د مێزی گفتوگۆ له باره‌ی ئازادی ئایین له چه‌ند وڵات و شاری جیهان دا ساز بكرێن. تا ئێستا بیست دانه له‌م كۆبوونه‌وانه ئه‌نجام دراو‌ن. بۆیه پێمان وایه ئه‌مه پاڵنه‌رێكی باشه له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری دا. ئه‌مه ته‌نیا له دوو رۆژی یه‌كه‌م دا كران، له‌م لوتكه‌یه‌دا و له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ته‌كا‌ن، هاوپه‌یمانێتی ئازادی ئایینی نێوده‌وڵه‌تیمان راگه‌یاند له نێوان 105 وڵات كه وه‌زیره‌كانیان لێره بوون، ئامانجمان به‌رامبه‌ری بیروڕاكانمانه، هه‌تا له سه‌ر ئاستی حكومه‌تیدا وڵاتان به‌رنامه‌ی ئازادی ئایین په‌یڕه‌و بكه‌ن له چوارچێوه‌ی هه‌یكه‌لێكی نێوده‌وڵه‌تیدا و به ته‌واوی پابه‌ند بن به‌مه‌وه. ئه‌مه هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانه، به‌ڵام هیوابه‌خشه و ئێمه بڕوامان وایه كه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.
كوردستان24: پێم وایه ئه‌مه زۆر گرنگه، من زۆر سه‌رسام بووم به شێوازی ڕوونكردنه‌وه‌تان، كه‌واته ئازادی ئایین بواری سه‌ره‌كییه بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و ئازادییه‌كانی تر؟.
سام براون باك: به‌ڵێ وایه، ئه‌مه ده‌روازه‌یه‌كه بۆ ئازادی، كه ئه‌مه‌مان به‌ڕێكی ده‌ستكه‌وێ، ئیدی ده‌رگا واڵا ده‌بێ بۆ دابین بوونی ئازادییه‌كانی دیكه، بۆ نموونه تۆ نا‌توانیت ئازادی راده‌ربڕین له ئازادی ئایین هه‌ڵاوێری، چونكه پێكه‌وه به‌ندن، هه‌موو جۆره‌كانی ئازادی پێكه‌وه گرێدراون، هه‌روه‌ها ده‌روازه‌یه‌كه بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و كۆمه‌ڵێكی ته‌ندروست و كه‌م كردنه‌وه‌ی تیرۆریزم، له ناو زانیارییه‌كاندا ئه‌مه به روونی دیاره. كه‌واته ئه‌مه ئه‌و شتانه‌ن، كه ده‌مانه‌وێ حكومه‌ته‌كانی تر بیكه‌ن وهاوپه‌یمانتیه‌ك پێكبهێنین، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بینین وڵاتێك كه ئه‌م بابه‌ته پشتگوێ ده‌خات ئیدی جۆره‌كانی تری ئازادی دا تێدا نامێنێ و هه‌روه‌ها چالاكی ئابووریشیان سست ده‌بێ.
كوردستان 24: دیاره كه ئه‌مه پرسێكی پڕ بایه‌خه، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه به‌ڕێزتان چۆن ده‌ڕواننه هه‌رێمی كوردستان؟
سام براون باك: كورد به‌ڕاستی هه‌ڵسوكه‌وتێكی مه‌زنیان هه‌بوو له ناوچه‌یه‌كی پڕ كێشه و پێشێلكاریی ده‌رهه‌ق به ئازادی ئایین، هه‌رێمێكی نموونه‌یین بۆ داكۆكی كردن له ئازادی ئایین و پێكهاته و باوه‌ڕه جیاوازه‌كان. به‌ڕاستی دوورگه‌یه‌كن له ده‌ریایه‌كی پڕ له كێشه‌دا. من به‌ڕاستی ستایشیان ده‌كه‌م بۆ كاره مه‌زنه‌كانیان، ئه‌گه‌رچی كورد وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر بێ كه‌م و كوری نیه، به‌ڵام كه‌نارێكی ئارام بوون بۆ خه‌ڵكانێك كه دووچاری چه‌وسانه‌وه بوونه‌وه له ناوچه‌كه‌دا.
كوردستان 24: بێگومان ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆزه، په‌رله‌مانی كوردستان، به فه‌رمیی رۆژی 3ی ئۆگستی وه‌كوو رۆژی یادكردنه‌وه‌ی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان راگه‌یاند، به‌ڕێزتان له روانگه‌ی ئازادی ئایینه‌وه چۆن ده‌ڕواننه ئه‌م هه‌نگاوه؟
سام براون باك: له راستیدا، سه‌ره‌تا من ده‌ستخۆشی له حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م بۆ راگه‌یاندنی ئه‌م كاره مه‌زنه له پێناو خه‌ڵكی ئێزدی، ئێزدییه‌كان له شوێنێكی زۆر نزیك له هه‌رێمی كوردستان چه‌وسێندرانه‌وه. زۆربه‌یان روویان له هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌وه‌ی به ئارامی بژین، بۆیه من ده‌ستخۆشی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م. پێم وایه ئه‌مه هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه بۆ به‌ره‌وپێشچوون له ناساندنی باوه‌ڕه جیاوازه‌كانی خه‌ڵك و پێویسته بۆنه‌كان ده‌ستنیشان بكرێن و داكۆكیان له بكرێ و به‌رده‌وام پارێزگاریان لێبكرێت.
كوردستان24: به‌ڵێ، هه‌روه‌ها زۆرێك له‌و ئاوارانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستانن، خه‌ڵكی پێكهاته ئایینییه جیاوازه‌كانن، له دوایین سه‌ردانی به‌ڕێزیشتان بۆ ئه‌وێ روونكردنه‌وه‌تان دا كه‌وا دۆخی ئاسایشی زێد و شاره‌كانی ئه‌م ئاوارانه سه‌قامگیر نیه و ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، پێنتاگۆنیش به‌م دواییانه له راپۆرتی لێكۆڵه‌ری گشتیی خۆی دا ئه‌م بابه‌ته‌ی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه، به تایبه‌تی له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، پێتان وایه پێویسته هه‌ماهه‌نگی كاری هاوبه‌ش له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق دا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له نوێ ئارامیی و سه‌قامگیری له‌م ناوچانه دابین بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه بتوانن بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر زێد‌و ماڵ و حاڵی خۆیان؟
سام براون باك: بێگومان، حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا و حكومه‌ته‌كانی تر و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت پاره‌یه‌كی زۆریان به‌خشیوه بۆ دووباره ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی داعش وێرانی كردوون. ئه‌مه‌ریكا سێ سه‌د ملیۆن دۆلاری بۆ ده‌شتی نه‌ینه‌وا به‌خشیوه.
كوردستان24: به‌ڕێز باڵیۆز براون باك، زۆر سوپاس بۆ ئاماده بوونت.