پشده‌ر.. گه‌نجێك له كاتی راوه‌ماسی كاره‌با لێیدا و گیانی له‌ده‌ستدا
K24 - پشده‌ر:
گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵان، لە کاتی بەکارهێنانی مۆلیدەی کارەبا بۆ راوه ماسی لە سنووری پشدەر، بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگه‌یاند، ئەو گەنجە له دایكبووی ساڵی 1994ـه و پیشه‌ی كاسبە، دانیشتووی گوندی (كۆزینه)ی سه‌ر به ناحیه‌ی ژاراوه‌ی قه‌زای پشده‌ره (قه‌ڵادزێ)، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هه‌ینی 16ی 8ی 2019، له‌كاتی راوه ماسی به‌هۆی ته‌زووی كاره‌با گیانی له‌ده‌ستداوه.
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژە بەوە دەکات بە وتەی ئەو کەسانەی له‌گه‌ڵیدا بوون، ناوبراو له‌كاتی راوه ماسیدا خۆی سه‌رپه‌رشتی كاره‌بایی مۆلیده‌كه‌ی كردووه، كاتێك مۆلیده‌كه‌ی ئیش پێكردووه له‌و كاته‌دا قاچی خزيوه و كه‌وتووه‌ته ناو ئاوه‌كه و ده‌ستبه‌جێ كاره‌با گرتوویه‌تی و به‌و هۆیه‌شه‌وه گیانی له‌ده‌ستداوه.
گیان لەدەستدانی ئەو گەنجە کە ناوی رێبوار عەبدوڵڵا خدرە، له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوو، سێیەم حاڵەتی مردنه بە تەزووی کارەبا لە سنووری راپەڕین.
ئ. م