ئۆجەلان: پەلاماردانی رۆژھەڵاتی فورات باجی گەورەی دەبێت

رەخنە لە ھەدەپە دەگرێت

K24 - ھەولێر

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پەكەكە رایدەگەیەنێت، ھەر ئۆپەراسیۆنێكی توركیا بۆ رۆژھەڵاتی فورات ھاربوونە و باجی گەورەی دەبێت. رەخنەش لە ھەدەپە دەگریت، كە تائێستا گرنگی پەیوەندیی مێژوویی كورد و توركی نەكردووەتە سیاسەت.

پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەبارەی دوایین دیداریان لەگەڵ ناوبراو، كە میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویان كردەوە كە ئۆجەلان رایگەیاندووە "لەو كاتەوەی ھەدەپە دامەزراوە، لە ناوخۆ و دەرەوە تووشی دوو فشار بووە، لە دەرەوە فشاری سیاسیی و یاسایی لە ھەدەپە كراوە و لە ناوخۆشدا ھێڵی نەتەوەیی نێو ھەدەپە فشاری كردووە".

ئۆجەلان، رەخنەش لەو حزبە دەگرێت بەوەی گرنگی پەیوەندیی مێژوویی كورد و توركی نەكردووەتە سیاسەت.

لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی رۆژھەڵاتی فورات، ئۆجەلان رایگەیاندووە "كارێكی ئاقڵانە نییە و  ھاربوونی توركیا و ئەمەش باجی گەورەی دەبێت".

رۆژی 7/8/2019 پارێزەرانی ئۆجەلان لە ئیمرالی چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەوت و دیداریان لەگەڵ ئەنجامدا.

ھ.م