سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ: دەستبەسەرداگرتنی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە قبوڵ ناکرێت

ئەحمەد تورک هەڵوێستی خۆی لەسەر دوورخستنەوەی راگەیاند

K24 – هه‌ولێر:

شارەداری ئیستانبوڵ رایدەگەیەنێت؛ دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی "هەدەپە" قبوڵ ناکرێت و ئەحمەد توركیش رایدەگەیەنێت ستەم و نا دادپەروەری گەیشتووەتە لووتکە.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، شارەداری ئیستانبوڵ لە تویتێکدا ناڕازیبوونی خۆی لە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە راگەیاند و نووسیویەتی؛ شارەدارانی دیاربەکر، وان و مێردین بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون و دانانی قەیووم لە شوێنیان بە کارێکی پێچەوانەی دیموکراسی شڕۆڤە دەکرێت.

ئیمامئۆغڵو دووپاتیدەکاتەوە؛ پشتگوێ خستنی ویستی خەڵک بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ کردن نییە.

لای خۆیەوە، ئەحمەد تورک، شارەداری لەکارلادراوی مێردین کە لە 56%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی بەدەستهێنابوو لە دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی روونیکردەوە؛ لە تورکیا ماف پێشێلکراوە و نادادپەروەری گەیشتووەتە لووتکە.

ئەحمەد تورک دەڵێت؛ رێز لە ویستی خەڵک ناگیرێت و سیاسەتێکی دژە دیموکراسی لە تورکیا پەیڕەو دەکرێت کە ئەمەش دژی یاسا و مافناسییە.

پەیامنێری كوردستان24 لە ئامەد (دیاربەكر) بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند: "حكوومەتی توركیا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن لە تیرۆر سەرۆكی شارەوانییەكانی دیاربەكر و وان و مێردینی لە كار دوور خستەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 29 شاری باكووری كوردستان و وەزارەتی ناوخۆی توركیا ھەڵمەتێكی دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی ھەدەپەی دەستیپێكردووە و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا ئاشكرایان كرد، 418 كەسیان بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە دەستبەسەر كردووە.                                     

H.J