فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی پەكەكە لە دەڤەری ئامێدی دەكەنە ئامانج

توركیا بنكە و بارەگاكانی پەكەكە بۆردوومان دەكات

K24 - دھۆك

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیك گوندی بابیرێ-ی سەر بە قەزای ئامێدی ئۆتۆمبێلێکی گەریلاكانی پەكەكە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەكانی تورکیاوە کرایە ئامانج و چەند گەریلایەك گیانیان لەدەستدا.

شایتحاڵێک لە نزیک شوێنی بۆردومانەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بنكە و بارەگاكانی گەریلاكانی پەكەكەیان لە نزیك گوندی بابیرێ-ی سەر بە قەزای ئامێدی بۆردومان كرد و ئۆتۆمبێلێكی پەكەكە لە جۆری بیكاب - تۆیۆتا، كەوتە بەر بۆردومانەكە و چەند گەریلایەك گیانیان لەدەستدا".

ئەو گوندنشینەی دەڤەری ئامێدی راشیگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە جموجۆلی پەکەکە لە شوێنی بۆردومانەکەی ئەمڕۆ هەیە و خەڵکی گوندەکە، چەندین جار داوایان لە چەکدارانی پەکەکە کردووە کە لەو شوێنە دووربکەونەوە، بەڵام پەکەکە گوێی بە داوای خەڵکی گوند نەداوە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24 لەو دەڤەرە: "تائێستا بۆردومانی توركیا بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە بەردەوامە و زیانی زۆریش بەر رەزوباخی ھاووڵاتیان و ژینگەی ناوچەكە كەوتووە".