حكوومەتی ھەرێمی كوردستان 10 ملیۆن دۆلار بۆ رێگا و بانەكانی سلێمانی تەرخان دەكات

پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لە بڕیارەكەی حكوومەت دەكات
kurdistan24.net

K24- سلێمانی:

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بڕی ١٠ملیۆن دۆلار کە دەگاتە ١٢ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شاری سلێمانی ته‌رخانكراوه‌ و دراوەته‌ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانیش بڕیارەکە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: جێگای سوپاس و دەستخۆشییە.

هاوكات زیاد کاکە ڕەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ده‌ڵێت: ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ڕێگا و بانه‌کانی دەرەوەی شارە، چونکە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکانی ناوشارەکان، ئەرکی وەزارەتی شارەوانیە، زانیاری زیاتریش لەسەر بڕیارەکە دەخاتە ڕوو.

بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و بڕینی بودجەی ھەرێم لە لایەن بەغداوە، حکوومەتی ھەرێم ماوەی چەند ساڵَێکە نەیتوانیوە پڕۆژەی رێگا و بانەکان جێبەجێبکات یاخود نۆژەنیان بکاتەوە، بەڵام دوای نەمانی قەیرانی دارایی و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم، پێشبینی دەکرێت پڕۆژەکان دەست بەکاربکەنەوە و ھاووڵاتیانیش ئومێدیان لەسەر حکوومەتی ھەرێم ھەڵچنیوە، كه‌ خزمەتگوزاری زیاتریان پێشکەش بکات.

H.B