وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا چه‌ند بڕیارێكی له‌ باره‌ی خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا ده‌ركرد

پێداچوونه‌وه‌ به‌ پلانی وه‌رگرتنی قوتابیان و خوێندكارانی پۆلی 12 له‌ زانكۆ و په‌یمانگا حكوومییه‌كاندا ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، چه‌ند بڕیارێكی له‌ باره‌ی خوێندنی كاندانی ماسته‌ر و دكتۆرا ده‌كرد، كه‌ هێشتا مه‌رجی توانستی زمانیان نییه‌.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی فه‌رمی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، كاندیدانی ماسته‌ر و دكتۆرا، كه‌ تا ئێستا ماونەتەوە و مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بکەن بە کۆرسى ئەکادیمى، لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسەکانى زمان لە سەرجەم سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى هەرێم بەهەمان ستانداردەکانى پێشوو.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، ده‌بێت تاقیکردنەوەى کۆتایى بە شێوەیەکى مەرکەزى و بەسەرپەرشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجام دەدرێت و دواتر ڕێنمایى نوێى تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵى ئەکادیمى 2019-2020 دەردەچێت.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، سەبارەت بە و کاندیدانەى کە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیکردنەوەى ئیمیدیست، لە دواى رێکكەوتى (24/8/2019) پاڵپشت بە ئەنجامى تاقیکردنەوەکان دەگەڕێنەوە سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى خۆیان.

سەبارەت بە داواکارانى نازناوى زانستى، بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، سێنتەرەکانى زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنى پێشنیاز و چارەسەرى تایبەت بە پرسى زمانى ئینگلیزى بەهۆى ئەوەى داواکارانى نازناوى زانستى کەیسى جیایان تێدایە کە پێویستیان بە دیراسەیە.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، له‌ داهاتوودا سێنتەرەکانى زمان ڕادەسپێردرێت ڕێنمایى تایبەت بە زمانى ئینگلیزى دابڕێژن بۆ ئەوەى لەمەودوا ڕەچاوبکرێت.

سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/ قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەى کە سەرجەم مەرجەکانی بەدەستهێنانى بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجى  توانستى زمانى ئینگلیزییان نییە، دەتوانێت گفتوگۆى تێزى دکتۆراکەى بکات، بەڵام بڕوانامەى پێ نابەخشرێت، تاکو بەدەستهێنانى مەرجى زمان.

لەبارەى داواكردنی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا لە کۆبوونەوەى لێژنەى باڵاى خوێندنى باڵا، کە لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکایەتى دەکرێت و هەریەك لە یاریدەدەرى سەرۆكی زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستی تێیدا ئەندامن، دیراسەى ئامادەکردنى رێنماییەکانى خوێندنى باڵا دەکرێت، دواتر رەوانەى ئەنجوومەنى وەزارەت دەکرێت بۆ پەسەندکردن.

سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا پێداچوونەوە بە پلانەکان بکرێت و هەفتەى داهاتوو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسەند بکرێت.

بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە %60 كەمترە، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا دواى بە دەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و بەدەستهێنانى سەرجەم مەرجەکانى نازناوى زانستى و بڵاوکردنەوەى دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێك پێنج ساڵ خزمەت بکەن لە زانکۆکانى دەرەوەى شارە گەورەکان، جگە لە زانکۆکانى (سەڵاحەدین – سلێمانى - دهۆك)، دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێك ئاراستەى زانکۆکان دەکرێت.

 ئ. م