زێباری ورده‌كاریی پاڵپشتی سووریا له تیرۆر و به‌عسیه‌كانی عێراق ئاشكرا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
هوشیار زێباری، وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، سووریا به پاڵپشتیكردنی به‌عسییه‌كانی عێراق تۆمه‌تبار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵاته‌كه تێكبده‌ن و له‌وباره‌یه‌وه گوتوویه‌تی: "له پاش ساڵی 2003 وه حكوومه‌تی سووریا به‌عسییه‌كانی عێراق و خه‌ڵكی بیانی چه‌كدار كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیریی عێراق تێكبده‌ن".
زێباری له دیدارێكی كۆپییه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی (رۆژنامه‌ی ئیندیپێندنت) پشت په‌رده‌ی بڕیاری پچڕاندنی په‌یوه‌ندی نێوان حكوومه‌تی عێراق و سووریا پاش به ئامانجكردنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تی نووری مالیكی ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: "دوای چه‌ند مانگێك له رووخاندنی رژێمی سه‌ددام حسێن، سوورییه‌كان ئاسانكارییان بۆ به‌عسییه‌كانی عێراق كرد، ده‌ستیان به خۆڕێكخستنه‌وه كرده‌وه، به‌بێ ڤیزا شه‌ڕكه‌ری بیانی له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شقه‌وه به پاساوی گه‌شتیاریی ده‌هاتنه ئه‌و وڵاته، سوورییه‌كان هاندرابوون، پێموایه ئه‌مه‌ریكییه‌كان په‌یامی هه‌ڵه‌یان پێدابوون و په‌له بوون له پاڵپشتیكردنی نه‌یارانی ره‌وشی عێراقی نوێ".
هوشیار زێباری گوتوویه‌تی: "دوای ئه‌وه به چه‌ند ساڵێك زانیمان لیوا ئاسف شه‌وكه‌ت، له پشت ئه‌و بڕیاره‌وه‌یه، به‌ڵام پلان داڕشتن و جێبه‌جێكردنی له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی سووریاوه بووه، رژێمه‌كه ناوه‌ندییه و هه‌مووان به‌شدار بوون له بڕیاره‌كه‌دا".
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: "گۆڕانكاریی زۆر له په‌یوه‌ندی عێراق و دراوسێكانی روویدا، به‌ڵام سووریا به‌ته‌نها سوور بوو له‌سه‌ر داننه‌نان به واقیعی عێراقی نوێ‌دا. له مانگی ئه‌یلولی ساڵی 2009 زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه به‌غدای پایته‌ختی عێراقی هه‌ژاند، یه‌كێكیان وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقی كرده ئامانج كه ئه‌وكاته ئۆفیسی هوشیار زێباری تێدابوو، ئه‌وكاته حكوومه‌تی عێراق گه‌یشته به‌رزترین ئاستی گرژیی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا، چونكه سووریای به ده‌ستی پشت ئه‌و ته‌قینه‌وانه تۆمه‌تبار كرد.
هوشیار زێباری له‌وباره‌یه‌وه ورده‌كاریی زیاتری بۆ رۆژنامه‌كه ئاشكرا كردووه و ده‌ڵێت: "ئه‌و كاته حكوومه‌ت بڕیاری پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی دا له‌گه‌ڵ سووریا و په‌نابردن بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌و سه‌رده‌مه نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران بوو،ئه‌و له سووریا ژیابوو، ئێمه له سووریا ژیابووین، زۆرێك له به‌رپرسانی حكوومه‌تی نوێی عێراق له سووریا ژیابوون، هه‌ر بۆیه شێوازی كاركردنی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سووریامان ده‌زانی. سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكات گووتی، ئه‌و دوو ته‌قینه‌وه تۆقێنه‌ره كاری ده‌زگای هه‌واڵگریی سووریایه، من ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی بووم، كۆبوونه‌وه‌مان كردووه، ئه‌وانیش ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه كه ئه‌و ته‌قینه‌وانه كاری هه‌واڵگریی سووریایه و ئه‌وان له پشت ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ن، ئه‌وه پلان بۆ داڕێژراو بووه له‌لایه‌ن سوورییه‌كانه‌وه، بڕیاردرا وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م باڵیۆزی عێراق له سووریا بگه‌ڕێنرێته‌وه".
زێباری باسی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی نێوان خۆی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریاش ده‌كات كه ئه‌وكاته ئه‌نجامیان داوه و ده‌ڵێت: "به وه‌لید موعه‌لیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریام گووت، ئه‌بو تارق، هه‌واڵێكی ناخۆشم پێیه، من راسپێردراوم تا باڵیۆزی عێراق له دیمه‌شق بۆ عێراق بانگ بكه‌مه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌یه كه پێمانوایه سه‌رچاوه‌كه‌ی ئێوه‌ن".
زێباری ده‌ڵێت: "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریاش گووتی، ئایا پرسه‌كه گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته؟، منیش گوتووم ئه‌وه بڕیاری حكوومه‌تی عێراقه، من له رووی په‌یوه‌ندی و یه‌كترناسینه‌وه په‌یوه‌ندیم پێوه‌كردووی، به‌ڵام ئه‌و گووتی، ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه و جارێكی دیكه‌ش باڵیۆزی سووریا نانێرینه‌وه بۆ به‌غدا تا رژێمی عێراق نه‌گۆڕدرێ. منیش پێمگووت، رژێمی عێراق گۆڕاوه و هیچ هێزێك نییه بتوانێت جاریكی دیكه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بگۆڕێت".