لە رووداوێكی ھاتووچۆدا لە خورماڵ منداڵێك گیانی لەدەستدا

"شوفێرەكە بە بڕیاری دادوەر بەند كرا"

K24 - ھەڵەبجە

شەوی رابردوو لە نزیك بازگەی ناحیەی خورماڵ لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، ئۆتۆمبێلێك خۆی كێشا بە منداڵێكی تەمەن 4 ساڵ و گیانی لەدەستدا.

رائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی  بەڕێوەبەرایەتی  پۆلیسی  پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "شەوی رابردوو لەنزیک بازگەی ئاسایشی ناحیەی خورماڵ منداڵێکی تەمەن 4 ساڵ بەناوی  (ە ف ا) دانیشتووی پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێک لێیدەدات  و لەبەر  سەختی برینەکەی  گیانی  لەدەستدا".

وتەبێژی پۆلیسی ھەڵەبجە، روونیكردەوە: "منداڵەکە لەگەڵ  خانەوادەی بۆ گەشتوگوزار روویان لەناوچەکە کردبوو".

راشیگەیاند: "شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بە بڕیاری دادوەر  بەپێی مادەی 24 هاتووچۆ  بەند کراوە  لە بنکەی پۆلیسی  خورماڵ".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێری كوردستان24 لە ھەڵەبجە، دوای رووداوەكە منداڵەكە بە برینداری گەیەندراوەتە مەڵبەندی تەندروستی علی شیعە لە خورماڵ، بەڵام بەھۆی سەختی برینەكەی گیانی لەدەستداوە.

ھ.م