یەكێتی كاتی گفتوگۆكردن لەسەر كۆنگرە ئاشكرا دەكات
K24 - سلێمانی
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، ھەفتەی داھاتوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دیاركردنی رۆژی بەستنی كۆنگرە كۆدەبێتەوە و چەند پرسێكی دیكەش لە كۆبوونەوەكە تاوتوێ دەكرێن.
رەھبەر سەید ئیبراھیم، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رۆژی 5/9/2019 كۆده‌بێته‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كەدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دیاریكردنی رۆژی به‌ستنی كۆنگره ده‌كرێت".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكە چه‌ند ته‌وەرێکی دیكە لەخۆ دەگرێت، له‌وانه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و پرسی كه‌ركووك".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی بەوەشدا: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس لەو پۆسته حزبی و حكوومیانە دەكرێت كه تائێستا پڕ نەكراونەتەوە و پێویسته یه‌كلا بكرێنه‌وه".
ئەمە لەكاتێكدایە باسوخواسی بەستنی چوارەم كۆنگرەی یەكێتی بووەتە گەرمترین پرسی ناو ئۆرگانەكانی ئەو حزبە، كە بەشێكی ئەو حزبە داوا دەكات ھەرچی زووە رۆژی كۆنگرە دیار بكرێت و ھیچ تەوافقێكی پێشوەختە نەكرێت، لەبەرامبەردا باڵێكی دیكەی یەكێتی لەگەڵ ئەوەن پێش ئەوەی بچنە ناو كۆنگرە تەوافق ھەبێت.
ھ.م