عێراق زیاتر لە 124 ملیار دۆلار قەرزدارە

بەغدا به‌ نیازه‌ به‌شێكی قه‌رزه‌كانی بداته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حكوومەتی عێراق زیاتر لە 124 ملیار دۆلار قەرزدارە، بۆ ئەم مەبەستە نیازی وایە لە بوودجەی گشتی 2020ی عێراق 20 ترلیۆن دینار بۆ دانەوەی قەرزەكان تەرخان بكات، پەرلەمانتارێكی كوردیش لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، تاكو حكوومەتی عێراق زیاتر قەرزار بێت كاریگەری زیاتری لەسەر پشكی ھەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە بڕی دانەوەی قەرزەكان لە نەفەقاتی سیادی دەبێت.

لە بوودجەی گشتی 2020ی عێراق 20 ترلیۆن دینار بۆ دانەوەی قەرزە دەرەكییەكان تەرخان دەكرێت، لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق لە كاتی شەڕی داعشدا ئاماژەی بەوەدەكرد دەیان ملیار دۆلار لە پارەی یەدەكی لە بانكەكاندا ھەیە، كەچی  عێراق ھێشتا ھەر قەرزارە.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی گوت: "لە 2019دا وەرگرتنی قەرزمان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە راگرتووە، ئەو قەرزەی كە عێراق كردوویەتی پێشتر لە وڵاتان و كۆمپانیاكان كراوە".

ئێستا حكوومەتی عێراق نزیكەی 124 ملیار دۆلار قەرزارە، بەپێی قسەی پەرلەمانتارانی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێت، تا قەرزەكانی سەرحكوومەتی عێراق زیاتربێت، لەبەرامبەردا پشكی ھەرێمی كوردستان كەمتر دەبێت. چونكە بڕەكە لە نەفەقاتی سیادی دەدرێت.

بەغدا لەو پارەی كە چەند ساڵی رابردوو لە وڵاتان قەرزی كردووە، ھیچ بڕێكی بۆ ھەرێمی كوردستان نەناردووە، بەڵام  بۆ دانەوەی قەرزەكان لە بەشی ھەرێمی كوردستانی بڕیووە، بەمەش خاڵێكی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا بوودجە و مووچەی بڕدراوی چەند ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستانە كە لەلای حكوومەتی عێراقە.

 ھ.م