یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان ناكۆكی دروستده‌كات

به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لێژنەی ناوچەی كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، بۆ ئەوەی سكاڵا دژی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار بكات.

ئەندامانی لێژنەكە له‌و باوه‌ره‌دان، یاساكە پێشێلكردنی دەستوورە، چونكە رێگە بە ئاوارەكان نادات لە دەرەوەی ناوچەكانی خۆیان دەنگ بدەن و ناچاركراون بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

ناسر هه‌ركی، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەڵێت: یاساكە پێچەوانەی ماددەی 140 ـە، چونكە لە ماددەی 140 ـدا ھاتووە، ھەلبژاردن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەرێوەناچێت، تا ئەو كاتەی دۆخەكە ئاسایی دەكرێتەوە، بۆیە بەشێك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ھەوڵی ھەمواركردنەوەی یاساكە دەدەن.

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەكاتێكدا ئەنجام دەدرێت، كە ھێشتا بەشێك لە ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، یاسایەكەش رێگەیان پێنادات لە ھەرێمی كوردستان دەنگ بدەن، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 16 ی دەستووری عێراقه‌، كە دەڵێت: ھەموو ھاوڵاتییان لەبەرامبەر یاسا یەكسانن.

H.B