ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانی كوژرانی ژنه‌كه‌ی هه‌ولێر

ئه‌و برایه‌ی له‌ دادگا له‌گه‌ڵی بووه‌ رووداوه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ لە نزیك دادگای ھەولێر، ئافرەتێك لەلایەن ھاوژینەكەیەوە كوژرا، لەكاتێكدا خەریكی مامەڵەی یاساییبوون بۆ ئەوەی لەیەكتر جیاببنەوە، بكوژەكە دوای رووداوەكە راستەوخۆ لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركرا. بكوژه‌كه‌ ده‌شڵێت: "نەمتوانی خۆم بگرم و لە نزیك دادگا كوشتم".

بكوژ ھۆكاری كوشتنەكە بۆ رووداوێكی ساڵی 2018 دەگەڕێنێتەوە، كە بەھۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوانیان تێكدەچێت، ئافرەتەكە دەستگیردەكرێت.

تۆقەی قژی ئافرەتێكی كوژراوە، بكوژەكەش ھاوسەرەكەی خۆیەتی، ھاوكات ئامۆزاشیەتی، ماوەیەكە ھاتووچۆی دادگا دەكەن، دەیانویست لەیەك جیاببنەوە، لە چوارەم دانیشتنی دادگا پیاوەكە ئامادە نابێت، بەوھۆیەوە ئافرەتەكە لەگەڵ برایەكی خۆی دەگەڕێنەوە لای گەراجەكەی تەنیشت باڵەخانەی دادگا، ئا لەو كاتەدا ھاوسەرەكەی لێی نزیك دەبێتەوە و شەش گوللـەی لێدەدات.

برای ئافرەتە كوژراوەكە، خوێنی خوشكەكەی ھێشتا بە جلەكانیەوەیە، چۆنیەتی ئەنجامدانی رووداوەكە دەگێڕێتەوە.

بكوژ و ھاوسەری ئافرەتەكە، ھۆكاری كوشتنەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ رووداوێكی 2018، كاتێك ئافرەتەكە لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەگەڵ پیاوەكەی خۆی تووشی كێشە دەبێت، بەوھۆیەوە ئافرەتەكە سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت و بەند دەكرێت، دوای ھاتنە دەەرەوەی ھاوژینەكەی لە زیندان، خەریكی جیابوونەوە دەبن، بەڵام بەر لەوەی بگەنە دوا بڕیاری دادگا لەسەر جیابوونەوە، پیاوەكە ھاوژینەكەی دەكوژێت.

بكوژەكە بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیكراوە، كە حوكمەكەی بەندكردنە و لە 10 ساڵیش كەمتر نیيە، ئەم دوو ئامۆزایە ماوەی 7 ساڵ ھاوژینی یەكتر بوون، خاوەنی ھیچ منداڵێكیش نەبوون، ئەوان بەر لە جیابوونەوەی یاسایی و شەرعی بۆ ھەمیشە لەیەك جیابوونەوە، یەكێكیان بۆ زیندان و ئەویدیشیان بۆ ئەو دنیا.

ئ. م