زنجیره‌ درامای ئه‌م هاوینه‌ی نێیمار به‌ گه‌رمی ده‌ستی پێكرد و به‌ ساردی كۆتایی هات

"نێیمار له‌ داخی مانه‌وه‌ی له‌ پاریس له‌ ماڵه‌كه‌ی گریا بوو"

زنجیرە درامای گەڕانەوەی نێیمار بۆ بارسێلۆنا گەرچی دوو مانگ لەمەوبەر بە گەرمی دەستیپێکرد، بەڵام بە ساردی کۆتایی هات و نێیمار لە پاریس سانجێرمان مایەوە و دوێنێ لە ئەمریکا پەیوەندی بە راهێنانەکانی هەڵبژاردەی برازیل کرد و دڵخۆش دەرکەوت، لەکاتێکدا بەگوێرەی زانیارییەکان نێیمار لە داخی مانەوەی لە پاریس گریابوو.

نێیمار دڵخۆشە و  لە ئەمریکاوە پەیوەندی بە مەشقەکانی هەڵبژاردەی بڕازیل دەکات، لەکاتێکدا دەبوایە نێیمار لەجیاتی پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەکەی بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و واژوو لەسەر گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا بکات.

لە دوایین رۆژی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بارسێلۆنا هیچ هەوڵێکی بۆ گەڕانەوەی نێیمار نەدا، نێیماریش لە ئەمریکا بە پێکەنینەوە پەیوەندی بە مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی کردەوە، لەکاتێکدا بە گوتەی کیم دۆمێنیکی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی کاتێک نێیمار زانیبووی دەبێت لە پاریس سانجێرمان بمێنێتەوە و ناتوانێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا گریابوو، فرمێسکی خەمی هەڵڕشتبوو.

لە سەرەتای مانگی حەوتەوە دەنگۆی گەڕانەوەی نێیمار بۆ بارسێلۆنا بە گەرمی بڵاو بووەوە، بۆ ماوەی دوو مانگ مانشێتی و سەردێری زۆربەی رۆژەکانی رۆژنامەکانی ئیسپانیا و فڕەنسا گەڕانەوەی نێیمار بوو بۆ بارسێلۆنا، درامایەکە بە چەندان وێستگەی جیاواز تێپەڕی، لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشی پاریس سانجێرمان دانی بەوەدانا نێیمار داوایکردووە رێگای پێبدەن لە یانەکەیان بڕوات، جێگری سەرۆکی بارسێلۆناش دانی بەوەدانا نێیمار حەز دەکات بگەڕێتەوە یانەکەیان، بەڵام بە درێژایی ئەو ماوەیە نێیمار ئامادە نەبوو تەنانەت یەک وشەش بڵێت، لەکاتێکدا چەند جارێک بارسێلۆنا داوای لە نیمۆ کرد بە ئاشکرا حەزی خۆی بۆ گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا بدرکێنێت.

زۆر بەربەست هەبوون لە بەردەم گەڕانەوەی نێیمار بۆ بارسێلۆنا، نەبوونی پارەی کاش یەکێک بوو لە کێشەکانی بارسێلۆنا، یانە کەتەلۆنییەکە ده‌یویست بە خواستن نێیمار بباتە ریزەکانی، رازی نەبوونی دێمبلی و راکیتیچ بە چوونیان بۆ پاریس سانجێرمان یەکێکی دیکە بوو لە بەربەستەکان، پاریس سانجێرمانیش ئامادە نەبوو بە ئاسانی دەستبەرداری نێیمار بێت، رازی نەبوو بە کەمتر لە ٢٢٠ ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری نێیمار بێت لەکاتێکدا دوو ساڵ لەمەوبەر بە ٢٢٢ ملیۆن یۆرۆ کڕیویەتی، ناسر خلێفی سەۆرکی پاریس سانجێرمانیش لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند ئامادە نین بە کەمتر لە ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری نیمار بن.