"كتێبه‌كه‌ی و ژنه‌كه‌ی هۆكاری كێشه‌كانی ئیكاردی بوون"

"هۆکاری دەرەکی وایکرد ئینتەر دەستبەرداری باشترین یاریزانی بێت"

چێنه‌ر عه‌بدولقادر

ئیکاردی و ئینتەر هەرگیز کێشەیان لە ناو یاریگادا نەبووە، ئیکاردی یەکێکە لە باشترین سەرەرمەکانی جیهان و ئینتەرمیلانیش تەواو بۆ ئەو گونجاوبوو، بەڵام هۆکاری دەرەکی وایکرد ئینتەر دەستبەرداری باشترین یاریزانی بێت، بۆ ئەوەی زیاتر لە سەرەتاکانی دروستبونی کێشەکان تێبگەیت و بزانیت چۆن گەیشتە ئەمڕۆ پێویستت بە خوێندنەوەی ئەم چەند دێرە هەیە.

کتێبەکەی ئیکاردی

لە ساڵی ٢٠١٣ دا بۆ یەکەمین جار ئیکاردی توشی کێشەبوو کاتێک کتێبێکی لەسەر ژیانی خۆی بڵاوکردەوەو تیایدا بە خراپی باسی هاندەرانی ئینتەریکردبوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هاندەرانی ئەو یانەیە لێی توڕەبن و دواتر یانەکەی بەبڕێک پارە سزای دا.

دوای ئەوە ئیکاردی و ئینتەر بەردەوامبون و کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبوو، بارودۆخەکەش ئاسایی بوو بە تایبەتی کە ئینتەر یاریزانی زۆر باشی نەبوو وە ئاستیشیان خراپ بوو، بۆیە ئیکاردی وەکو کاپتن و کەسی یەکەمی تیپەکە هەموو دەسەڵاتێکی هەبوو، هاوکاری تیپەکەشی دەکرد لەروی گۆڵکردن و گەڕاندنەوەشیان بۆ چامپیۆنس لیگ.

واندا نارا..!

لەلایەکی ترەوە واندا نارای ژنی ئیکاردی کە هەم بەڕێوەبەری کارەکانیشیەتی بەردەوام لە میدیاکاندا دەردەکەوت و لێدوانی ئەدا کە بۆنی ئەوەی لێ دەهات کە ئیکاردی دەیەوێت بڕوات، دواتر واندا پەیوەندی کرد بە بەرنامەی تیکی تاکا کە لە ئیتاڵیا زۆر بەناوبانگە و هەفتانە گفتوگۆی گەورەی تیادەبێت، تەنانەت شەرەقسەش لەو بەرنامەیە هەیە کە ئەنتۆنیۆ کاسانۆش یەکێکە لە میوانە بەردەوامەکان، راجا نایگۆلان کاتێک پەیوەندی کرد بە کالیاریەوە گوتی: قسەکانی واندا لە تەلەڤیزیۆن بەردەوام کێشەی بۆ ژوری جلگۆڕینی ئینتەر دروستدەکرد، بەردەوام واندا زانیاریەکانی ژوری جلگۆڕینی ئینتەری دەبردە ناو بەرنامەکەوەو قسەی لەسەر دەکرد.

هاتنی مارۆتا و ئۆریالی

پێشتر ئینتەر ئیدارەیەکی بەهێزی نەبوو ئەوەی وایکردبوو تیپەکە زۆر کێشەی تری هەبێت و ئیکاردیش بەو شێوەیە رەفتار بکات، بەڵام لەگەڵ هاتنی مارۆتا و گەڕانەوەی ئۆریالی یانەکە دەستیکرد بە گۆڕینی سیاسەتی کارکردن، لەدوای پشووی زستانە ئیکاردی درەنگ گەڕایەوە ئینتەر، بەو هۆیەوە یانەکە ١٠٠ هەزار یۆرۆ سزای دا، ئەمەش سەرەتای پیشاندانی هێزبوو لە لایەن مارۆتاوە.

لە دووەم کاردا داوایان لە ئیکاردی کرد کە بەڕێوەبەری کارەکانی بگۆڕێت، بەڵام ئەو وتی: تا من یاری بکەم واندا بەڕێوەبەری کارەکانمە. لەدوای ئەوەی ئیدارەی ئینتەر رایگەیاند کە کاپتنی تیپەکەی لە ئیکاردی سەندۆتەوەو دراوە بە هاندۆنۆڤیج، بەمەش ئیکاردی توڕبوو وە رەتیکردەوە لەگەڵ تیپەکەی گەشتبکات بۆ یاری رابید ڤیییەننا، ئیکاردی هەڵوێستێکی توندی دژی ئیدارەی ئینتەر کرد بەرامبەر بە گۆڕینی کاپتنی تیپەکە، بەڵام ئیدارەی ئینتەریش وەکو پێشوو نەبوون و توندر وەڵامیان یایەوەو بەتەواوی لە تیپەکە دوریان خستەوەو بڕیاری فرۆشتنیاندا.

وەرزەکەو تەواو بوو کۆنتی بووە راهێنەری ئینتەر و ئەمیش بە ئاشکرا وتی کێشەم ناوێت لە تیپەکەمدا دەمەوێت لوکاکۆ بێنم و پێویستم بە ئیکاردی نیە.

 ئیکاردی هەموو هەوڵێکیدا کە لە ئینتەر بمێنێتەوە و بەڵام هەوڵەکانی بێسود بوو، چونکە مارۆتای بەڕێوەبەری تیپەکە و کۆنتی بڕیاریان دابوو کە ئیکاردی لەم تیپەی ئێستادا جێگەی نییە.

ئیکاردی دەیوست لە ئینتەر بەردەوامبێت و بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لەو داواکاریانەی کە ئینتەر پێشتر هەیبوو بیکات، لەو کاتانەدا کە واندای ژنی بۆندی تازەی لەگەڵ بەرنامەی تیکی تاکا ئیمزاکرد و هەفتانە باسی ئیکاردی و ئینتەری دەکرد، لەولاشەوە کۆنتی یەکێکە لەو راهێنەرانەی کە زۆر گرنگی بە لایەنی پاراستنی ژوری خۆگۆڕینی تیپەکەی دەدات و نەک هەر ئیکاردی بەڵکو نایگۆلانیشی دوورخستەوە کە ئەویش پێشتر کێشەی هەبوو، لەوانەبوو کە راهێنەرێکی تری جگە لە کۆنتی بهاتایەتە ئینتەر ئەگەر مانەوەی ئیکاردی هەبووایە، بەس لەگەڵ کۆنتی ئەوە ئەستەم بوو.

ئیکاردی تا دواین ساتەکان هەموو بۆندەکانی بۆ رۆیشتن رەتدەکردەوەو هەرەشەی لە ئینتەر دەکرد کە لەوانەیە بچێتە یۆڤی، بەڵام مۆراتاش کێبڕکێی دەکردو داوای رۆیشتنی لە ئیکاردی دەکرد بەس بۆ یۆڤی نا، ئەگەی دەچیتە یۆڤی پێویستەی ئەوانیش دی بالامان بده‌نێ.

 جەنگی نێوانیان بەردەوامبوو تا دواین رۆژی گواستنەوە و ئیکاردی بە خواستن و بەبڕی ٥ ملیۆن یۆرۆ چووە پاریس و وەرزی داهاتوویش دەتوانن بە ٦٥ ملیۆن یۆرۆ بیکڕنەوە کە بەهەمووی ٧٠ ملیۆن یۆرۆ نرخەکەی بوو.

ئیکاردی بەو توانایەی هەیە و دەتوانێت لە بچووکترین هەلدا گۆڵ بکات لە پاریس هەلێکی باشی لە بەردەستدایە بەوەی کێشەکانی رابردووی لەبیربکات و بگەڕێتەوە گۆڵکردن بەو مەرجەی دیسان واندا نارا کێشەی بۆ دروستنەکات، چونکە پاریسیش ئێستا لیوناردۆی هەیە و ئیدارەیەکی بەهێزیان هەیە و نایانەوێت کێشەیان هەبێت.