گۆڕان میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی رێكخه‌ری گشتی په‌سه‌ند ده‌كات

سه‌ركرده‌ زویره‌كانیش ده‌توانن خۆیان كاندید بكه‌ن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

بە مەبەستی پەسەند کردنی  میکانیزمی ھەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە کۆبووەوە، ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانیش مەرجەکانی کاندید بوون بۆ رێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن ئاشکرا دەکات.

لە سەر راسپاردەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان تایبەت بە پرسێکی ناوخۆیی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەکە کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پەسەندکردنی میکانیزمی ھەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، کە بە ھەردوو ژووری یاسایی و ھەڵبژاردنی گۆڕان میکانیزمەکانیان ئاڕاستەی جڤاتی نیشتمانی کردبوو، لە کۆتاییدا و پاش چەند کاتژمێرێك کۆبوونەوە بە کۆی دەنگی ئەندامانی جڤات، چەند مەرجێك دیاریکران بۆ ھەر کەسێك ئەگەر بیەوێت خۆی کاندید بکات بۆ رێکخەری گشتی یاخود خانەی ڕاپەڕاندن، ئەندامێکی جڤاتیش مەرجەکان ئاشکرا دەکات.

ئەندامێکی دیکەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان دەڵێت رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە مافی خۆیەتی بۆ دووخولی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە، ھاوکات باسیش لە گەڕانەوە یاخود خۆپاڵاوتنی ئەو سەرکردانەی گۆڕان دەکات کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بزووتنەوەکە زویر بوون.

ڕۆژی 14ی ئەم مانگە بۆ جارێکتر جڤاتی نیشتیمانی کۆدەبێتەوەو بە دەنگدانی نھێنی ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن ھەڵدەبژێرێت، پێش ئەوەش لە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیدا دەستەی سەرۆکایەتی جڤات ھەڵدەبژێرێن، لە بەرواری 4/9 دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە، دواتر دوای داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن ناوەکان ئاڕاستەی ژووری یاسایی گۆڕان دەکرێت و دوای پەسەندکردنیان ناوەکان ئاڕاستەی لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە دەکرێت، ھەڵبژاردنەکەش لە ژێر سەرپەرشتی کۆميسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەرێك و نوێنەرانی ژووری یاسایی و ھەڵبژاردن بە ڕێوەدەچێت.

ئ. م