ئێران پێشوازی له پێشنیازه‌كه‌ی رووسیا سه‌باره‌ت به كه‌نداو ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف رایگه‌یاند، تاران پێشوازی له پرۆژه‌كه‌ی رووسیا بۆ چه‌سپاندنی ئاسایشی ناوچه‌ی كه‌نداو ده‌كات.
له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف رایگه‌یاند، تاران ئاماده‌یه په‌یماننامه‌ی هێرش نه‌كردنه سه‌ر له‌گه‌ڵ دراوسێكانی واژوو بكات.
گوتیشی: به نسبه‌ت ئێرانه‌وه له باره‌ی ره‌وشی ئاسایشی كه‌نداو له‌گه‌ڵ رووسیا هاوڕاین. پێشمان وایه ئه‌وه رێگه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌یه، نه‌ك رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یه‌كتر.
ئه‌و وتانه‌ی زه‌ریف دوای ئه‌وه هاتن، كه نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، ڤاسیلی نیبینزیا، رایگه‌یاند، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به ناڕه‌سمی گفتوگۆ له باره‌ی پرۆژه‌كه‌ی رووسیا بۆ ده‌سته‌به‌ری ئاسایشی كه‌نداو ده‌كه‌ن.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، نیبینزیا گوتیشی: ئێمه ناڵێین ده‌ستوبرد هه‌موو ئه‌وه‌ی خواستمانه دێته دی، به‌ڵام ئه‌و پێشنیازه شیاوی ئه‌وه‌یه گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت و له‌و بڕوایه‌شدام زۆرێك له وڵاتانی ناوچه‌كه ئه‌و پڕۆژه‌یه به جێبایه‌خی خۆیان ده‌زانن.
هه‌روه‌ها گوتی: ده‌شزانین ئه‌مه‌ریكا ده‌موده‌ست ئه‌و پڕۆژه‌پێشنیازه په‌سند ناكات، به‌ڵام رووسیا بڕوای وایه پڕۆژه‌كه شیاوی گفتوگۆ له‌سه‌ر كردنه.
رۆژی 23ی ته‌مموزی رابردوو، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، پڕۆژه‌یه‌كی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی به كۆمه‌ڵ له ناوچه‌ی كه‌نداو پێشنیاز كرد و به گوێره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه رووسیا كار بۆ رێكخستنی كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له باره‌ی ئاسایش و هاوكاری له ناوچه‌ی كه‌نداو ده‌كات.
رووسیا پێشنیازیشی كردووه، له كه‌نداو ناوچه‌یه‌كی له چه‌ك داماڵراو رابگه‌یه‌ندرێت و هێزه بیانییه‌كان له ناوچه‌كه بچنه ده‌ره‌وه و هێڵێكی گه‌رم له نێوان هێزه سه‌ربازییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه دابنرێت.