پەرلەمانی كوردستان سكاڵا دژی حكوومەتی عێراق تۆمار ده‌كات

بەپێی دەستوور ھەرێمی كوردستان دەتوانێت لە پەرلەمانی خۆیەوە بوودجە پەسند بكات

K24 - ھەولێر

لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، سكاڵای یاسایی لەسەر یاسایەكی بەرێوەبەرایەتی دارایی عێراق تۆماردەكات، چونكە یاسایەكە پێچەوانەی دەستووری عێراقە، لە یاسایەكەدا ھاتووە ھەرێمی كوردستان پێویستە پڕۆژە یاسای بوودجەی خۆی بنێرێتە وەزارەتی دارایی تا پەسندی بكات، بەڵام لە دەستووردا ھاتووە كە ھەرێمی كوردستان دەتوانێت لە پەرلەمانی خۆیەوە بوودجە پەسند بكات، ئەمەش ئەو كاتە دەبێت كە بەغدا بەشە بوودجەی ھەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتی دیاریدەكات.

لیژنەكە رێكارەكانی تۆماركردنی سكاڵای لەسەر یاساكە گرتوەتەبەر، پسپۆڕانی ئابووریش لەو بڕوایەدان ئەمەی حكوومەتی عێراق دەیكات نیازێكی باشی لە پشتەوە نییە، چونكە دەیەوێ بوودجەی پێویست و داھاتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بزانێت، پاشان لە بوودجەی گشتی بەشی ھەرێمی كوردستان دیاری بكات.

بەھۆی نەناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی كوردستان، لەلایەن بەغداوە ماوەی 5 ساڵە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نەیانتوانیوە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵانە ئامادەبكات، لە ماوەی رابردووشدا لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، داوا لە سەرجەم وەزارەتەكان كرا بوودجەی پێویستی خۆیان ئامادە بكەن و رەوانەی وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن.

ھ.م