مه‌سرور بارزانی: دەستبەرداری مافه‌ دەستوورییەکانمان نابین

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان

K24 - هه‌ولێر:

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڵاوكرده‌وه‌.

ئەمڕۆ یەكشەممە 8/9/2019، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ هه‌ولێر، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە رەوشی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی ئاگادار کردەوە و گوتی پێشکەوتن لە گفتوگۆکانمان لە گەڵ بەغدا هەیە و هیوادارین لە سەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن بە شێوەیەک پرنسیپەکانی : هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێن.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە کێشەی خەڵکی کوردستان تەنیا بودجە و مووچە نییە، بەڵکو "ئێمە خاوەنی پرسێکی نیشتمانین و داخوازی نەتەوەییمان هەیە و دەستبەرداری ماف وداخوازییە دەستوورییەکانمان نابین".

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران لەسەر چەند تەوەرێك بە درێژی زانیاری پێویستیان لە بارەی ماف و داخوازییە دەستوورییە پێشیلکراوەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان خستەڕوو.

یەکەم: سەبارەت بە نەوت و راددەی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو بڕە نەوتەی هەناردە دەکرێت وشایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و داهاتی مانگانەی نەوت کە بۆ مووچە خەرج دەکرێت، زانیاریی ورد وپێویست خرانە روو. ئەم زانیاریيانەش بەشێکە لە پرۆژەی وردبینی نەوت وگازی هەرێمی کوردستان کە لایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی (دیلۆیت Deloitte ) ئامادەکراوە وسیاسەتی شەفاف و ئاشکرایانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بواری نەوت وگازدا.

دووەم : قەرزەکان: سەبارەت بە دۆسیەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەو قەرزانە درا کە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستاندان و بەشێکە لە دۆسیەکانی گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی. هۆکاری سەرەکی ئەم قەرزانەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی بەغدا و ئەو قەیرانە داراییەی بەو هۆیەوە دروستبوو، بەتایبەتی دابینکردنی خەرجی زیاتر لە دووملیۆن ئاوارە و شەڕی داسەپاوی رێکخراوی تیرۆریستی داعش. 

سێیەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پابەندبوون بەو ئیلتیزاماتە دەستووریانەی کە لە ئەستۆیدایە، لە هەمانکاتدا بە هیچ شێوەیەکیش سازیش لە سەر ماف و دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ناکات.

لە کۆبوونەکەدا ئاماژە بەوە درا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 30 ی تەمووزی 2019 سەرۆك و ئەندامانی لیژنە تەکنیكيیەکانی دەستنیشانکردووە و گفتوگۆکانیش لە گەڵ  حکومەتی فیدرالی  بەردەوامە لە سەر دۆسییەکانی  دارایی و بودجە، نەوت وگاز، قەرزەکان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. بەو ئاراستەیەی کە بتوانین بگەینە رێککەوتن لە سەر بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2020 و کارکردنی بەردەوام لە سەر چارەسەریی درێژخایەن بۆ ئەو دۆسیانە لە سەر بنەمای دەستوور وبەرژەوەندی هاوبەش و بەرەچاوکردنی پرنسیپەکانی شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها ئاماژە بەو یاسایانەش درا کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەچن و نەگونجاون لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی.

فراکسیۆنە کوردستانییەکان خۆشحاڵ بوون بەو کۆبوونەوانە و ئەو زانیاریيە ورد وپێویستانەی خرانە روو ، بڕیاريش درا لە پێناو هەماهەنگی زیاتر کۆبوونەوەی نێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

ئ. م