حزبە كوردستانییەكانی كەركووك لەسەر لیستی ھاوبەش رێككەوتن

بە یەك لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن

K24 - كەركووك

ئەمڕۆ حزبە كوردستانییەكان لە كەركووك، بە مەبەستی بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆبوونەوە و لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە بە لیستی ھاوبەش بەشداری لە ھەڵبژاردنەكە بكەن. بەرپرسی مەكتەبی ھەڵبژاردنی پارتی دەڵێ "ئێمە لەگەڵ لیستی ھاوبەش داین، بەڵام بڕیاری كۆتایی لای مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتییە".

ھێمن دەلۆ، پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا حزبە كوردستانییەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە لەسەر یەك لیستی رێككەوتن".

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی مەكتەبی ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "وەك پارتی یەكەم حزب بووین داوای یەك لیستیمان كردووە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك، ئێستا ئێمە مەبدەئی لەگەڵ یەك لیستین، بەڵام بڕیاری كۆتایی لای مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتییە".

ئاماژەی بەوەشدا: "بۆ ئەم مەبەستە شاندێكی پارتی لەگەڵ یەكێتی كۆدەبنەوە و دواتر بۆچوونی فەرمی پارتی رادەگەیەندرێت".

دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا حزبە كوردستانییەكان رایانگەیاند، رێككەوتنیان لەسەر یەك لیستی رەنگداوەی خواستی شەقامی كوردییە لە كەركووك.

كۆنووسی رێككەوتنی حزبە كوردستانییەكانی كەركووك لە حەوت خاڵ پێكھاتووە:.

1- سەرجەم حیزبە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە بڕیاریاندا لە ھەڵبژدارنی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە یەك لیستی ھاوبەش بەشداری بكەن بەناوی لیستی كەركووكی كوردستانی.

2- داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەكەین لە نزیكترین دەرفەتدا كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات و كاندیدی لیستی برایەتی وەك پارێزگاری كەكووك ناوزەدبكات.

3- بەردەوامی بە كۆبوونەوەكان دەدەین لەگەڵ یۆنامی بۆ پاڵپشتی ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك.

4- داوا لە سەرجەم ھاونیشتمانیانی كەركووك دەكەین بەتایبەتی كوردستانییەكان كە سەردانی ناوەندەكانی تۆماری تۆماری بایۆمەتری بكەن و كارتی دەنگدان دەربكەن.

5- داوا لە سەرجەم سەركردایەتی حزبە كوردستانییەكان دەكەین كۆبوونەوەی لوتكە بكەن بۆ پاڵپشتی ئەم بڕیارە.

6- جارێكی تر جەخت كرایەوە لە ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

7- لە سەروی ھەموو ئەو خاڵانەوە حزبە كوردستانییەكان جەخت لە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێكھاتەكانی پارێزگای كەركووك دەكەینەوە.

ھ.م