عێراق گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ گازپرۆم واژوو دەکات

گازپرۆمی رووسی پەرە بە کێڵگەکانی رومادی دەدات

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، نزیکن لە واژووکردنی رێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ کۆمپانیای گاز پرۆمی رووسی.

بە گوێرەی رێککەوتنەکە ئەو کۆمپانیا رووسیە پەرە بە کێڵگەکانی وزەی شاری رومادی دەدات لە پارێزگای ئەنبار.

موئەید ساڵح، بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێداوانێکیدا رایگەیاند، "کۆتایی بە سەرجەم رێککەوتنەکان دەهێنن لە بارەی پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز لە ناوچەی رومادی" و پێی وایە، وەبەرهێنانەکانی گازپڕۆم لە چوار چێوەی رێککەوتنەکان دەگاتە نزیکەی 45 ملیار دۆلار".

پێشتر ئەلێکسەندەر نۆڤاک، وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاندبوو، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی رووسیا پابەندن بە ئەنجامدانی رێککەوتن لە بواری نەوت و گاز لەگەڵ عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیای گازپرۆم تاکە کۆمپانیای رووسی نییە، کە لە عێراق پڕۆژەی هەیە، چەندین کۆمپانیای گەورەی دیکەی وەک، سترۆی ترانس گاز ئۆیل، رووس نەفت و لوک ئۆیل لە عێراق کاردەکات.

لە ناویاندا کێڵگەی رۆژئاوای قورنە2 کە بە گەورەترین کێڵگەی نەوتی لە جیهان دادەندرێت، بە جۆرێک یەدەگی سەلمێندراوی نزیکەی14 ملیار بەرمیلە. 

هاوکات لەم مانگەدا، بەغدا رێککەوتنێکی لەگەڵ سترۆی ترانس گاز ئۆیلی رووسی کرد، بۆ بەدواداگەڕان و پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی وزە، کە دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار، ماوەی رێککەوتنەکەش 34 ساڵە.