ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چه‌ند بڕیارێكی گرنگی ده‌ركرد

شاندێكی هه‌رێمی كوردستان بۆ پرسی بودجه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/9/11 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

وێبسایتی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و ئەندامانی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە رۆژی 8 ی ئەیلول لە هەولێر بەسترا خستەڕوو.

به‌ گوێره‌ی وێبسایته‌كه‌، لە کۆبوونەوەکەى ئه‌مڕۆ بڕیار درا، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕکردنی زانیاری سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتای ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی 2020 لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ.

بڕیاریشدراوه‌، لیژنەکانی (دارایی، نەوت وگاز، یاسایی) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بکرێن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، رۆژی پێنجشەممە 2019/9/12 شاندێکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان راپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی سەرژمێری لە عێراق پێشکەش کرد کە بڕیارە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت.

وەزیری پلاندانان تیشکی خستە سەر لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیە و ئامادەکارییەکانی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێرێت بۆ هەلسەنگاندنی پڕۆژەی سەرژمێرییەکە بەرەچاوکردنی بەرژەوەندی کوردستانییان بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە.

لە کۆتاییدا، کۆبوونەوەکە گفتوگۆی لە بارەی میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج کرد بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت.

لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی (الدفاتر التجاریة)ی پەسەند کرد کە میکانیزمی نوێ بۆ رێکخستنەوەی باج لە خۆدەگرێت.

ئ. م