مۆرینهۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بارسێلۆنا؟
ساموێل ئیتۆ هێرشبه‌ری كامیرۆنی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه حه‌ز ده‌كات خۆزێ مۆرینهۆی راهێنه‌ری پورتوگالی بۆ بارسێلۆنا بگه‌ڕێته‌وه.
ساموێل ئیتۆ كه پێشتر له ئینته‌ر میلان و چێڵسی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی مۆرینهۆ یاری كردووه له لێدوانێكدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه مۆرینهۆ راهێنه‌رێكی زۆر تایبه‌ت و ده‌گمه‌نه، ده‌شڵێت: مۆرینهۆ یه‌كێك له باشترین و جوانترین مرۆڤه‌كانی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌یه، به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت یاریزانه‌كان ئاسووده بكات.
ئیتۆ كه ئه‌مساڵ له ته‌مه‌نی 38 ساڵی وازهێنانی له یاریكردن راگه‌یاند، ده‌ڵێت: مۆرینهۆ یه‌كه‌مین كه‌س بوو له‌گه‌ڵ ساتی وازهێنانم له یاریكردن نامه‌یه‌كی بۆ ناردم.
ئیتۆ ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات هه‌ر یاریزانێك له‌گه‌ڵ مۆرینهۆ كاربكات ئاماده‌یه له پێناو ئه‌و راهێنه‌ره پورتوگالییه هه‌موو شتێك بكات، بجه‌نگێت و ته‌نانه‌ت خۆی له‌سه‌ر مۆرینهۆ به‌كوشتن بدات.
خۆزێ مۆرینهۆ له نێوان ساڵانی 1996 تا 2000 وه‌ك وه‌رگێر و یاریده‌ده‌ری لویس ڤانخاڵ له بارسێلۆنا كاری كردووه.
له‌مباره‌یه‌وه ئیتۆ له باره‌ی داهاتووی مۆرینهۆ ده‌ڵێت: حه‌ز ده‌كه‌م مۆرینهۆ بۆ بارسێلۆنا بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه رووبدات كارێكی زۆر نایاب ده‌بێت.
ئه‌م لێدوانانه‌ی ئیتۆ له كاتێكدایه كه مۆرینهۆ له دوایین دیمانه‌یدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤزیۆنی پورتوگالی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه حه‌ز ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه ریال مه‌درید چونكه خۆشترین ساته‌كانی ژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه تێپه‌ڕكردووه.