دوو كاندیدی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كشانەوە

گۆڕان رێكخەر و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ھەڵدەبژێرێت

K24 - سلێمانی

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، دوو لە ھەڵسوڕاوانی گۆڕان كە خۆیان بۆ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان كاندید كردبوو كشاونەتەوە.

سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوو لە کاندیدانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە کاندید بوون کشاونەتەوە. ئەوانیش ھەر یەك لە کاوە عەبدوڵڵا ناسراوە بە (کاوەی مامە عەبە) و ئاوارە سلێمان، کە خۆیان بۆ سکرتێری کاروباری خەڵک لە خانەی راپەڕاندن کاندید کردبوو".

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆدەبێتەوە و رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ھەڵدەبژێرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوو کەس بۆ پۆستی رێکخەری گشتی کاندیدن و 14 کەسیش کێبڕکێ بۆ پێنج ئەندامی خانەی راپەڕاندن دەکەن، یەکێک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش کە سکرتێری جڤاتی گشتییە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو هەڵبژێردرا و راستەوخۆ بووە ئەندامی خانەی راپەڕاندن.

ھ.م