لایه‌نه‌كان له‌ باره‌ی یاسای چاكسازی داوایه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن

سه‌ردانی په‌رله‌مان بۆ لای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ چوار پرس بوو
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

لایەنە سیاسيیەکان بۆ پشتگیری لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای چاکسازی داوای بینینی ناوەڕۆکی پرۆژەکە دەکەن و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش داوای لێکردوون پشتگیری ئەو پرۆژەیە بکەن بۆ پەسەندکردنی.

بەپێى ئەو گفتوگۆیەی لە نێو لایەنە سیاسیيەکان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە لە ماوەیەكی نزیکدا پرۆژەکە دەنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان.

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ چوار پرس سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کردووە بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگریان، یەکێك لەو پرسانە گفتوگۆی لەسەر کراوە، پرۆژە یاسای چاکسازییە کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە.

لایەنە سیاسیيەکان داوایان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە پرۆژەکە لەگەڵ بارودۆخی سیاسی و ئابووری ئێستە بگونجێنرێت  بە جۆرێک گۆڕانکاريی لە سیاسەتی ئابووری هەرێمی کوردستان دا بکات.

لە خولی پێشوو بەهۆی رێکنه‌کەوتنی فراکسیۆنەکان نەتواندرا پرۆژە یاسای چاكسازی پەسەند بکرێت لەم خولە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە هەوڵی کۆکردنەوەی کۆدەنگی سیاسی هەیە لایەنە سیاسیيەکانیش داوای بینینی پرۆژە یاسای چاکسازی دەکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان  بۆ ناردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی  وەزارەتەکانی راسپاردوە تێبینیان لەسەر پڕۆژەکە ئامادە بکەن دواتر حكوومەت لەم وەرزەی یاسا دانان دەینێرێتە پەرلەمان پێش دەنگدانی پەرلەمان لە هەوڵی بەدەستهێنانی کۆدەنگی سیاسییە بۆ پڕۆژەكە.

ئ. م